بە گوژمەی حەوت ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دینار گرێبەستی دروستکردنی شەقامی ٦۰م و ئاوەڕۆی هەشتی حەسارۆک واژوو کرا…

بە گوژمەی حەوت ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دینار گرێبەستی دروستکردنی شەقامی ٦۰م و ئاوەڕۆی هەشتی حەسارۆک واژوو کرا…


ئومێد خۆشناو: جگه‌ له‌ كه‌رتی هه‌شتی حه‌سارۆك" دڵینیایی دایە هاووڵاتییانی شاری هەولێر كە لەژێر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو گەڕەكە و شوێنەكانی دیكەش بەردەوام دەبێت

ئه‌مرۆ یەكشەممە 21/8/2022 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون، گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ بۆ كەرتی هەشتی حەسارۆك لەنێوان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە واژوو كرا. دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا ناوەڕۆكی گرێبەستەكە و وردەكاری پرۆژەكانی بۆ میدیاكان خستەڕوو. لە قسەكانیدا ساسان عەونی ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكار، گرێبەستی جێبەجێكردنی شەقامی 60مەتری و ئاوەڕۆی گەڕەكی هەشتی حەسارۆكمان واژوو كرد. گوتیشی: لەمڕۆوە ئەو بەڵێنەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەنزەوییەكانی هەشتی حەسارۆكی دا بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو گەڕەكە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتگوزارییەكی زۆر باش جێبەجێ دەكرێت. سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكە و ناوەڕۆكی گرێبەستەكەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: گرێبەستەكەی ئەمڕۆ بۆ دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی شەقامی سەرەكییە لە شەقامی لاوانەوە تا پێنجی حەسارۆك دەگرێتەوە، كە پێشتر چەندین كاری دیكەش لە هەشتی حەسارۆك كراوە، وەك دیزاینكردنی ئاوەڕۆكان و دیزاینی سەرەبلۆكەكان و لێدانی چوار بیی ئاوی خواردنەوە، هەروەها ئەو شەقامە 60مەترییەی ئەمڕۆكە گرێبەستەكمان واژوو كرد و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، بە بڕی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی 110 ڕۆژ، واتە پێش سەری ساڵ كۆتایی دێت.
دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە گرنگی پرۆژەكە و گرێبەستەكە كرد و ئاماژەی بەوە كرد، هەنگاوە كردارییەكانی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەشتی حەسارۆك دەستپێدەكات و دڵینیاییشی دایە هاووڵاتییانی شاری هەولێر كە لەژێر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو گەڕەكە و شوێنەكانی دیكەش بەردەوام دەبێت.