بەئامادەبوونى نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، چلەی ماتەمینی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و ناسراوی کوردستان (کەریم ئەحمەد) بەڕێوەچوو

بەئامادەبوونى نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، چلەی ماتەمینی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و ناسراوی کوردستان (کەریم ئەحمەد) بەڕێوەچوو


دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2022.8.23، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، نوێنەرى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و د.هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى كوردستان و سکرتێر و نوێنەرانی حزب و لایەنەسیاسیەکان و ژمارەیەکی زۆر لە دۆستان و بەرپرسانى دیکەى ئیدارى و حزبى و کەس و کار و هاوڕێیان و خانەوادەكه‌ى، لەهۆڵی پێشەوا، مەراسیمى چلەی ماتەمینی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و ناسراوی کوردستان و عێراق، کەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەمەراسیمەکەدا، ئومێد خۆشناو، نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لەگوتارێکدا وێڕاى گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و سڵاو و ڕێزى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخانەوادە و کەس و کارو هاوڕێیانى، ئاماژەى بەوەدا کە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و ناسراوی گەلەکەمان، مامۆستا کەریم ئەحمەد، (70) ساڵ تەمەنى خۆى لەسەنگەری خەباتی نیشتنمانی و نەتەوەیی و چیانەیەتی بردۆتە سەر، لەوپێناوەشدا ماوەیەکى زۆر زیندانى بووە.

گوتیشى: "ئەو تێکۆشەرەى گەلەکەمان لەقۆناغێک سکرتێری حزبی شیوعی عێڕاق بووە و لە قۆناعێکی تردا سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان بووە، لە هەردوو شۆڕڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێشدا پێشمەرگە و سەرکرەیەکی مەیدانی بووە و کوڕێکی لەسەنگەری پێشمەرگایەتی شەهید بووە".

ڕاشیگەیاند: "کەریم ئەحمەد، لەسەرئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی، سەرکردەیەکی ناسراو و هاوڕێ و دۆستی خۆشەویستی بارزانی نەمر بوو، هەروەها یەکێک بوو لەدەستەی دامەزرێنەری بەرەی کوردستانی و چەندین نامیلکە و کتێبی لەسەر شۆڕش و کێشەی ڕەوای گەلەکەمان نوسیووە".