وەزیرى ناوخۆ، پێشوازی لە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2022.8.23، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشوازی لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندى یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا، کە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ئامادەبوو، لەبارەى پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاسانكاری و هەماهەنگیی زیاتر بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا و هاتوچۆی زیارەتكارانی ئێران بۆ شوێنە ئاینییە پیرۆزەکانى عێراق لە دەروازە سنوورییەكانى ههرێمى كوردستانهوه، تاوتوێ كران.
لەلایەن خۆیانەوە، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان نیشاندا و جەختیان لە بەرەوپێشبردنی زیاترى پەیوەندییەكان كردەوە، هەروەها ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكان و لەوبارەیەشەوە دووپاتیان کردەوە کە هەموو هەوڵێك دەدەن و ههموو ئاسانكارییهك پێشكهش دهكهن.