پارێزگارى هەولێر، داوا لە دایک و باوکان دهكات، بەشداربن لە هەڵمەتى کوتانى منداڵەکانیان و هاوکارى تیمە تەندروستیەکان بکەن
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.8.24، بەئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى و نوێنەرى ڕێکخراوى یونسێف و ژمارەیەکى دیکە لە پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، لەژێرچاودێرى بەرێوەبەرایەتى گشتیى کاروبارى تەندروستى، لەبنکە تەندروستى محمەد باجەلان، ڕێورەسمى دەستپێکردنی هەڵمەتى چڕکردنەوەی خزمەتگوزاری کوتانی گشتگیر بۆ کوتان بەڤاکسینی کۆڤید19 و کوتانی ڕۆتینی دژى نەخۆشى ئیفلیجى منداڵان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.
لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەگوتارێک وێراى پشتیوانیکردن لە هەنگاوەکانى وەزارەتى تەندروستى لەپێناو پاراستن و سەلامەتى تەندروستى هاوڵاتییان، ڕایگەیاند: "دڵنیایی دەدەین وەکو پارێزگاى هەولێر یەکەکارگێرییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ڕادەسپێرین بەهەموو شێوەیەک هاوکارى تیمەکانى تەندروستى و تیمە گەڕۆکەکان بکەن بۆ سەرخستنى پڕۆسەکە".
پارێزگارى هەولێر گوتیشى: "مەبەست لە ئەنجامدانى ئەو هەڵمەتە پاراستنى سەلامەتى نەوەکانى داهاتوومانە لەجۆرەها نەخۆشى، بۆیە داواکارین لە دایک و باوکان و هاوڵاتییان، بەشداربن لەوهەڵمەتە و هاوکارى تیمە تەندروستیەکان بن و منداڵەکانیان بکوتن".
جێگەى باسە، ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبیت لەبنکە تەندروستیەکان و لەڕێگەى تیمى گەڕۆکى کارمەندانی تیمی کوتان، جگە لە کوتان بەڤاکسینی کۆڤید19، هەموو ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە 1 رۆژی تاکو 5 ساڵانە، واتا 5 ساڵی تەواو نەکردبێت.