پارێزگارى هەولێر بۆ زیارەتکارانى ئێران: "ئەوماوەیەی کە لەهەولێر دەمێننەوە لە نێو ماڵ و کەس و کارى خۆتانن"

پارێزگارى هەولێر بۆ زیارەتکارانى ئێران:



ئەمشەو چوارشەممە 2022.9.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى نەسروڵڵا ڕەشنودى، سەرکونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکانى (خزمەتگوزاریى، تەندروستى، بەرگرى شارستانى، ئاسایش و پۆلیس، هاتووچۆ) سەردانى پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى کرد کە تەرخان کراوە بۆ شوێنى مانەوەى زیارەتکاران.

لەسەردانەکەدا کەهەریەک لەبەڕێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و بەڕێوەبەرى لقى هەولێرى مانگى سوورى عێراقى و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارکى شەهید سامى عبدالڕەحمان و بەڕێوەبەرى ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەبوون، پارێزگارى هەولێر دواى بەدواداچوون لەڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکاران و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکان، لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەل زیارەتکاران کرد و ئومێدى خواست خوداى گەورە نزا و پاڕانەوەکانیان لێ قبوڵ بکات و بەسەلامەتى بگەڕێنەوە شار و وڵاتى خۆیان، ڕاشیگەیاند: "ئەوماوەیەی کە لەهەولێرى پایتەخت دەمێننەوە لە نێو ماڵ و کەس و کارى خۆتانن".

پاشان پارێزگارى هەولێر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان ڕایگەیاند: "سوپاس بۆ خوداى گەورە و بۆ تیمەکانمان و دەزگاى خێرخوازى بارزانى کە هەمیشە هۆکار و هاوکارى سەرکەوتنى پڕۆسەکەن و توانراوه‌ ئەم بەشەى زیارەتکارانى ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بەسەلامەتى بگەنە هەولێرى پایتەخت، لەچەند ڕۆژى داهاتووشدا پڕۆسەى هاتنى ئەو زیارەتکارانە بەردەوامى دەبێت".

گوتیشى: "لەلایەن جەنابى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ڕێزدار مەسرور بارزانى، ڕاسپێردراوین بەباشترین شێوە لە خزمەتى ئەو خۆشەویستانەدابین، ئومێد دەکەین وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسەی هاتنى زیارەتکاران کە یەکەمین جارە ئەنجامدەدرێت، ببینە هۆکارى ئەوەى کەئاسانکارى و خزمەت پێشکەش بەو خۆشەویستانەمان بکەین".

جێگەى باسە، ئەمڕۆ بەفەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لەخاڵى سنوورى حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت لە کاتژمێر7ى بەیانییەوە تاکو7ى ئێوارە دەستى پێکردووە و تاکو ئێستا (1183) زیارەتکار بەچەند قۆناغێک گەیشتوونەتە هەولێرى پایتەخت و لە چەند ڕۆژى رابردووشدا زیاتر لە 1000 زیارەتکارى تر هاتوونتە هەولێرى پایتەخت و دواى ماوەیەک مانەوەیان بەڕێکەوتوون بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.