پارێزگارى هەولیر: "شارێك ناکەین بەقوربانی بەرژەوەندی بەرپرسێك یان چەند کەسێک"

پارێزگارى هەولیر:

سه‌رله‌بەیانى ئەمڕۆ یەکشه‌ممە 2022.9.11، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانی پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە بەدواداچوون و چارەسەری گرفتی ئاوی ماڵان لەچەند کۆڵان و شوێنێکى شارى هەولێر و بنبڕکردنی گرفتەکانی کەم ئاوی کرا.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە دەکات کۆبوونەوەکان گۆڕانکاری بەرجەستە کراو بەخۆیانەوە ببینن، ناکرێت کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوە بکرێت و کارەکان وەك خۆی دووبارە ببێتەوە، ئەرکی پارێزگا و هەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سنوورى پارێزگاى هەولێرە، بۆیە دەبێت لایەن پەیوەندیدارەکان لەزووترین کاتدا چارەسەری گرفتی ئاوی ماڵان لەو چەند کۆڵان و گەڕەک و شوێنانە بکەن و ئەو گرفتانەى کەهەن بنبڕبکرێت، ناکرێت ئیتر ڕێگە بدەین لە گەڕەکێک چەند کۆڵانێک ئاوى نەبێت.
پارێزگاری هەولێر هەروەها تاکیدی لە دادپەوەریی بۆ گەرەکانی شاری هەولێر و دەورووبەری کردەوە و ڕایگەیاند: "شارێك ناکەین بەقوربانی بەرژەوەندی بەرپرسێك یان چەند کەسێک"، بڕیاریشیدا لیژنەیەکى تایبەت پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە هەن لەبەشێک لەو کۆڵان و شوێنانەى کە گرفتى کەم ئاویان هەیە، پاشان گفتوگۆ لەبارەى ژمارەى بیرە لێدراوەکان لە ناوشار و دەورووبەری شار کراو پێداویستیى خزمەتگوزاریى گەڕەکەکان بە تایبەت گەرەکە میللیەکان بە ئاوی خاوێن دووپاتکرایەوە.
جێگەى باسە، کە هەریەک لە قائیمقامی ناوەند، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دابەشکردنى کارەبای هەولێر، بەڕێوەبەرى گشتیی شارەوانیەکان، بەرێوەبەری گشتیی کشتوکالی هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى و بەرێوەبەرانى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەولێر و دەوروبەر، بەرێوەبەری قەیرانەکانى پاێزگای هەولێر، به‌رپرسی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.