بەگوژمەى زیاتر لە(2 ملیار دینار) دەستکرا بەقیڕتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی هەولێری نوێ

بەگوژمەى زیاتر لە(2 ملیار دینار) دەستکرا بەقیڕتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی هەولێری نوێ


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2022.9.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی سێ و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران، بەمەبەستى لەنزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى دروستکردن و قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گەڕەکی هەولێرى نوێ بەسەرکردەوە، کە بەشێکى لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بەشێکى لەسەر بودجەى داهاتى 15% سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، بەگوژمەى (2 ملیار و 112 ملیۆن و 125 هەزار دینار) لەڕێگەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێ دەکرێت.

پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، دەستخۆشی لە ئەندازیار و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد وڕایگەیاند: گەڕەکى هەولێرى نوێ یەکێک بوو لەو شوێنانەى پێویستى بە ئاوڕلێدانەوەى زیاتر هەبوو، بەتەوابوونى ئەم پڕۆژانەش هیچ شوێنێکى ئەم گەڕەکە نەماێنێت کە قیڕتاونەکرابێت.

گوتیشى: "دڵنیایی بە هاوڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان دەدەین، لەبودجەى پەرەپێدان و بودجەى سەربار و هەموو ئەو بودجانەى لەبەردەستدان، ئومێد دەکەین لەماوەى ئەمساڵدا سەرجەم ئەو پڕۆژانەى کە ماون و ئەوانەشى لەپلان و بەرنامەمان داناوە وەکو خۆى جێبەجێبکرێت، بەپشتیوانى خوداى گەورە و ئەو ئیمکانیاتەى لەبەردەستماندایە هەموو ئەو شوێن و ناوچە و سنوورانەى کە پێویست بکات دەستى خزمەتگوزارى پێبگات بەبێ جیاوازى لەنێوان شار و دەرەوەى شار و بە شێوەیەکى یەکسان دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریى دەگەێنین، بەڵام ئەوەش بە ڕۆژێک و دوو ناکرێت چونکە بودجە و کاتى پێویستە".

جێگەى باسە، پڕۆژەى دروستکردن و قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گەڕەکی هەولێرى نوێ 3 پڕۆژەیە بەمشێوەیەى لاى خوارەوە:-
یەکەم/ قیرتاوکردنی 33 شەقام بە چینی ستابلایزەر به‌درێژی 6کم.
دووەم/ قیڕتاوکردنى 18 شەقامى دیکە بە درێژى 3 کم .
سێیەم/ قیرتاوکردنى شەقامێک بەدرێژى 400م.
کۆى گشتى پڕۆژەکان 52 شەقامى ناوخۆیى گەڕەکى هەولێرى نوێیە بەدرێژى 9,400 کم و بەگوژمەى (2 ملیار و 112 ملیۆن و 125 هەزار دینار) لەسەر بوجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر دەست بەجێبەجێکردنیا کرایەوە.