پارێزگاری هەولێر: "هەولێرى پایتەخت، بۆتە شوێنى لەباوەشگرتن و خزمەتکردنى مرۆفایەتى و پەناگەیەک بۆ لێقەوماوانە"

پارێزگاری هەولێر:



ئەمڕۆ سێشەممە 2022.9.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لەژمارەیەک قوتابى کورد کرد، کە لە دەرەوەی وڵات لە دایک بوونە و لەزانکۆکانى ئەڵمانیا و نەمسا و چەند وڵاتێکى ترى ئەوروپى دەخوێنن و بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابوون بوو بە کار و چالاکییە مرۆییەکان و پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بەشێوەیەکی گشتیی سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمی کوردستانیان کردووە.

لەیدارەکەدا پارێزگاری هەولێر، باسى لە بەرنامەی کار و پلانی پارێزگا کرد بۆ ئەنجامدانى کارە مرۆییەکان و خزمەتکردنى هاوڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزاییەکان لە سێکتەرە جیاجیاکان، هەروەها تیشکى خستەسەر ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران بەشێوەیەکى گشتیى لەهەرێمى کوردستان و پوختەیەکى لە بارەى دوایین پەرەسەندنەکانى ڕەوشى ژیانیان و پێشکەشکردنی ئەو هاوکاری و یارمەتی و خزمەتەى کە حکومەتى هەرێم و پارێزگاى هەولێر پێشکەشی کردوون لە دابینکردنی پێداویستی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان و ڕایگەیاند: "سەرەڕایی سەختى دۆخى دارایی و کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا، بەڵام لەڕووى مرۆیی و هاوکاریکردنى پەنابەران و لێقەوماوان، هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى بۆتە شوێنى لەباوەشگرتن و خزمەتکردنى مرۆفایەتى و پەناگەیەک بۆ لێقەوماوانە".

له‌كۆتایدا پارێزگارى هەولێر، ئاماژەی بە ڕۆڵی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکاندا لە پێسختن و بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگادا و ئەرکی قوتابیانی وەک توێژێکی کارا لەو پرسەدا بەپێویست زانى و هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابیەکان خواست.

لەلایەن خۆیانەوە قوتابیان وێڕاى ئەوەى سوپاسى پارێزگارى هەولێریانکرد بۆ ئەو پیشوازییەى کە لێیانکرا، خۆشحاڵى خۆیان بەو پێشکەوتنە نیشاندا کە هەولێرى پایتەخت بەخۆیەوە بینیویەتى.