پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆکی تائیفەی ئەرمەن لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد

پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆکی تائیفەی ئەرمەن لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد

ئەمڕۆ 2019.11.25 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لەدیوانی پارێزگا پێشوازیکرد لە (مەتران ئافاک ئەسادوریان) سەرۆکی تائیفەی ئەرمەن لە عێراق و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە (کیفروک کادویان) جێگری سەرۆک و (میرکون میلکونیان) سەرۆکی لێژنەی ئیداری و لێژەی ناوەندی تائیفەی ئەرمەن لە عێراق.

لەدیدارەکەدا شاندی میوان، باسیان لە پێكەوە ژیانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان کرد کە لە كوردستانەدا بۆتە هەوێنی برایەتی و یەکتر قەبوڵکردن و ماییەی شانازی هەموولایەک، هیوایان خواست ئەو برایەتی و پێکەوە ژیانەی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان لە کوردستان بەردەوام و لە گەشەسەندنی زیاتردابێت.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای خۆشحاڵ بوونی بەدیدارەکە و سەردانی کردنی شاندی میوان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە كوردستان بە جیاوازی ئاین و زمان و بیروبۆچوونەکانەوە جوان بووە، ئەمەش وایکردووە کۆمەڵگەی کوردی بە بەراورد بە کۆمەڵگەکانی دیکە خاوەن پرسێکی یەکگرتووی پێکەوە ژیان بێ، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان یەکێک لە خەسڵەتە جوانەکانی بەدرێژایی مێژووی دێرینی نموونەی بەرزو دیاری ئەو پێكەوە ژیانی ئاینی و نەتەوەییە بووە لەکوردستان و هەربەمجۆرەش دەمێنێتەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2019.11.25