سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەڵای هەولێری بەسەر کردەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەڵای هەولێری بەسەر کردەوە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2019.11.24 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی لە نزیکەوە بەسەرکردنەوەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، بەئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سەردانی قەڵای هەولێری کرد.

دوای وتەی بەخێرهاتن لەلایەن پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر چەند شارەزا و ئەندازیارێک، کۆمەڵێک داتا و زانیاریی تایبەتیان خسته‌ ڕوو.

دواتر مه‌سرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پرسیار و سەرنجێکی خستە روو و گوتى: "قه‌ڵاى هه‌ولێر شوێنه‌وارێكى مێژوویی گرنگه‌، گرنگییه‌كى زۆر به‌ قه‌ڵاى هه‌ولێر ده‌ده‌ین و پاراستنى شوێنه‌واره‌كان زۆر گرنگه‌، ئه‌وه‌ى پێمان بكرێت بۆ پاراستنى شوێنه‌واره‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە کە ژیانی تێدا مابێت و دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو تایبەتمەندییەی قەڵای هەولێر بپارێزرێت و ژیان تێدا بەردەوام بێت".

گوتیشی: "دەبێ بە شێوەیکی زانستی قەڵای هەولێر و دەوروبەری نۆژەن بکرێتەوە" داواشی کرد، بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی گەشتیاران، سوود لە ئامرازی کارەبایی وەربگیرێت.

دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشە جیاجیاکانی شوێنەواری هەولێری بەسەر کردەوە و سەرنج و پرسیاری تایبەتی خستە روو.

قەڵای هەولێر یەکێکە لە دێرینترین قەڵاکانی جیهان، دەكەوێتە ناو جەرگەی شاری هەولێر و ئەم قەڵایە 25 مەتر بەرزە لەڕووی زەوی، بەرزییەکشی لە سەر ئاستی رووی دەریا 431 مەترە. رووبەڕەکەی 110 هەزار مەتر دووجایە و مێژووی بیناسازی كردنی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایین. خانووەكانی قەڵای هەولێر لە 506 خانوو کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرای، تۆپخانە و تەكیە پێکهاتووە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2019.11.24