لە سەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، ئامانجى حکومەت ڕەخساندنى زەمینەیەکى باشترە بۆ وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان

لە سەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، ئامانجى حکومەت ڕەخساندنى زەمینەیەکى باشترە بۆ وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان


دوابەدواى بەشدارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى ئابوورى داڤۆس و دیداریان لەگەڵ چەندین کەسایەتى ئابوورى و بەرپرسانى وڵاتان، فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى ڕاسپارد، لە دۆخى وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان بکۆڵنەوە و لە نزیکەوە سەردانیان بکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.1.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د. محەمە‌د شوکرى، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى حکومه‌تى هه‌رێم، بە یاوەرى ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، کونسڵى گشتیى وڵاتى فەرەنسا لە هەولێر و خالید ئەلشەمرانی، جێگری سەرکونسڵی عەرەبستانى سعودییە لە هەولێر، سەردانى کارگەی (صافی دانون)یان کرد لە هەولێر، کە وەبەرهێنانێکى هاوبەشى(سعودى-فەرەنسییە) و لەساڵى 2014 وە بەرهەمەکانى لە هەرێمى کوردستان و سەرجەم پارێزگاکانى ترى عێراق دەخاتە بازاڕەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا، هەریەک لە پارێزگارى هەولێر و سه‌رۆکى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى حکومه‌تى هه‌رێم، لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەران و ئەندازیارانى کارگەکە لە نزیکەوە لە پێداویستى و کێشە و کەم و کوڕیی و ئەو خزمەتگوزاریانەى کە پێویستە حکومەتى هەرێم بۆیان دابین بکات کۆڵییەوە و ڕایانگەیاند: "لە سەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئامانجى حکومەت ڕەخساندنى زەمینەیەکى باشترە بۆ وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان، لەوبارەیەشەوە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو کەم و کوڕى و خزمەتگوازریانەى کە پێویستە بۆیان دابین بکرێت، پاشان لە لایەن سەرپەرشتیارانى کارگەکەوە سەبارەت بە هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەکە و چۆنیەتی کارکردن و جۆرو ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە و چۆنیەتی بەبازاڕکردنی کاڵاکانیان کورتەیەک پێشکەش کرا.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر و سه‌رۆکى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى حکومه‌تى هه‌رێم و بەیاوەرى کونسڵى گشتیى وڵاتى فەرەنسا لە هەولێر و جێگری سەرکونسڵی عەرەبستانى سعودییە لە هەولێر، سەرجەم بەشەکانى کارگەکەیان بەسەرکردەوە.