بههای دۆلار بهرزبووهوه
جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزی، بەهای 100 دۆلار لە 163 هەزار دینارەوە بەرزبووەوە بۆ 164 هەزار و 500 دینار.
ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر رایگهیاند، "ئەمڕۆ بانکی ناوەندی تەنیا 64 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای دینار، بە جۆرێک بەهای 100 دۆلار لە 163 هەزار دینارەوە بۆ 164 هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 110 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
زیاتر لە مانگێکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، وێڕای رێکارەکانی حکومەتی عێراق و گۆڕینی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و راسپاردنی عەلی موحسین عەلاق بۆ بەڕێوەبردنی بانکەکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار ناجێگیرە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند.