پارێزگارى هەولێر پێشوازی لە شاندێکى باڵاى تائیفەی ئەرمەنی ئه‌رسه‌دۆكس كرد

پارێزگارى هەولێر پێشوازی لە شاندێکى باڵاى تائیفەی ئەرمەنی ئه‌رسه‌دۆكس كرد



ئەمڕۆ شەممە 2023.2.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پاریزگا پێشوازی لە مەتران ئەلئەرشمندرین ئوشاکان کولکولیان، سەرۆکى تائیفەی ئەرمەنی ئه‌رسه‌دۆكس لە عێراق و شاندێکی یاوەری كرد.

لە دیدارەکەدا پارێزگارى هەولێر، بەخێرھاتنی میوانانی بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کرد و ھیوای گەشتێکی سەرکەوتووی بۆخواستن، دواتر گفتوگۆ لە بارەی برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیانى نێوان پێکھاتەکانی کوردستان کرا و جەخت لە برەودان بە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمى کوردستان کرایەوە، کە بۆتە مەڵبەند و نموونەى پێکەوە ژیانى ئاینى و نەتەوەیى لە ناوچەکەدا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان لە نێویشدا هەولێرى پایتەخت هەمیشە بە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

پاشان سەرۆکى تائیفەی ئەرمەنی ئه‌رسه‌دۆكس لە عێراق، سوپاسی پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو دیدارە و جەختى لەوە کردەوە برایەتى ئەرمەن و کورد مێژوویەکى دێرینى هەیە و ڕایگەیاند: "هەولێر بە ماڵى دووەمى خۆم دەزانم، چونکە شارى هەولێر لاى من تایبەتمەندى خۆى هەیە و لە 30 یەکانى سەدەى ڕابردوو باوکم لەو شارەدا ژیاوە و کارى کردووە، هەمیشە بە جوانى و پاکى و باشى خەڵکەکەى باسى هەولێرى بۆ کردووین، بۆیە هیوا دەخوازین هەرێمى کوردستان و هەولێری پایتەخت هەمیشە بە نموونەى سەقامگیرى و پێشکەوتن و بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتى بمێنێتەوە".

لە کۆتایشدا، شاندەکە، پوختەیەکیان لە بارەى دۆخى ئەرمەنەکان لە شارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و کار و ئەرک و کێشە و داواکارییەکان کرد و پارێزگارى هەولێریش هەموو پاڵپشتى و هاوکاریى و ئاسانکارییەکى بۆ ڕاییکردن و سەرکەوتنى کارەکانیان دووپاتکردەوە.