لە هەولێر... دیداری ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ بەڕێوەچوو
لە هەولێر...
دیداری ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.5.17، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دیداری ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ بەڕێوەچوو، کە لەلایەن نووسینگەی پیشەسازی و بازرگانی کوردستان و ئەڵمانیا لە شاری هەولێر سازکرابوو.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە بریکاری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم و جێگری کونسڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە پسپۆڕان و شارەزایان و بازرگانانی ناوخۆ و وڵاتی ئەڵمانیا ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لەوتارێکدا، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دیدارەکە خواست و ڕایگەیاند: " هیوادارین ئەم دیدارە ببێتە هۆی بەرەپێشوەچوونی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا، هەروەها دەستخۆشی لە کونسلگەریی ئەڵمانیا لەهەولێردەکەین بۆ هەموو ئەو ئاسانکاریانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی بازررگانانی هەرێم و وڵاتەکەیان کردووە".
پارێزگاری هەولێر هەروەها تیشکی خستەسەر ستراتیجیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات و گرنگیدان بە سێکتەرە جیاجیاکان و دەرفەت ڕەخساندن بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییەکان لە پێناو پێشخستنی کەرتی ئابووری و پیشەسازیی لە هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەشەوە گوتی: " دوای شەڕی تیرۆرستانی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی هەرێم، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکان هەرێمی کوردستانیان جێهێشت، بەڵام بە ئیرادەی بە هێزی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیدگا و ستراتیجیەتی کاری بەڕێزیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دەبینین بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیانە گەڕاونەتەوە هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان".
پاشان لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی کورد و ئەڵمانی، چەندین پرس و بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە چۆنیەتی پێشخستن و برەودان بە ئابووری هەرێم و پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا پێشکەش کران.