لە هەولێر... ( 13 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

لە هەولێر... ( 13 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

لە هەولێر...
( 13 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.8.20، لە ژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەرێوەبەری نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر، نوێنەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا و وەزارەتەکان، لە دیوانى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی هەشتەم بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی ( 13 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانى شارستانی و سەربازی و خانەنشینانی فەرمانگە و دام و دەزگاکان.

لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی ناویان لە تیروپشك گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دووپاتیكردەوە كە پڕۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی شارەوانی، بەرێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر و بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران.

ئاماژەشی بەوەدا، دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بەخۆشحاڵییەوە لە ماوەیەکى نزیکدا توانرا ڕێکارەکانى پێویست بە دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێبوون تەواوبکرێت. هەروەها بەناوی پارێزگای هەولێر و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكەوە، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و دەستبەركردنی مافەكانیان، كە فەرمانبەران زۆر بە باشی لێی سوودمەند دەبن.

سەبارەت بە پرۆسه‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كان بۆ سەند، پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، كە بە شێوەیەكی چڕ لەلایەن " یه‌كه‌ی گۆڕینی كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌د " كار لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت، داواشی لە فەرمانبەران كرد، دوای وەرگرتنی كارەتەكان یەكسەر دەست بەمامەڵەی كڕین و فرۆشتن زەویەكانیان نەكەن، چونكە پڕۆسە هێشتا ماویەتی.

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ( 82 هەزار ) فەرمانبەر بەمەبەستی سوودمەندبوون لە پارچە زەوی ناویان تۆمار کراوە، تاوەكو ئێستاش هەشت قۆناغ زەویی دابەشكراوە و لەو هەشت قۆناغەش نزیکەی ( 55 هەزار ) فەرمانبەر لێی سوودمەند بوونە، هاوکات لە داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ تیروپشک بۆ ئەوانەی تریش كە ماوە ئەنجام دەدرێت..