هەولێر .... ئامادەکارییەکانی یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەر ( د.خ ) دەستپێکرد
هەولێر ....
ئامادەکارییەکانی یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەر ( د.خ ) دەستپێکرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.8.20، بە مەبەستى ئامادەکاریی بۆ ڕێورەسمى ڕۆژى لە دایكبوونی پێشەوای ئیسلام، حەزرەتی ( محمد ) ﷺ، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندی، تەیب زرار، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاوقافى هەولێر، د.دلۆڤان محمەد، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، بەڕێوەبەرانی ئاوقافی ناوەندی و ئاوقافی دەوروبەر، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەپارێزی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیەكانی پۆلیس و هاتووچۆی هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ بەرز ڕاگرتنى ئەو یادە بەرز و پیرۆزە کرا، کە ساڵانە لە هەولێرى پایتەختی هەرێمى کوردستان بەرێورەسمى جەماوەرى فروان و رێکخستنی مەولوود و گوتنەوەی سروودە ئایینیەکان و چەند چالاکییەکی دیکە جۆراو جۆر بەڕێوەدەچێت، پارێزگارى هەولێر تەواوى لایەنەکانى ڕاسپارد لە سەر ئاستى جیاجیا و بە فراوانى دەست بە ئامادەکارییەکان بکرێت بۆ ئەو یادە بەرز و پڕشکۆیە لە نێو سەنتەرى شارى هەولێر و دەروبەرى.
جێگەی باسە، ساڵانە هەر لە سەردەمی سووڵتان موزەفەرەدینەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێرى پایتەختی هەرێمى کوردستان ژمارەیەکى زۆری هاوڵاتییان بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ) ﷺ ، بە چالاکی و شێوازی جیاواز خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕن و لە نێو سەنتەرى بازاڕ و شەقام و خانەقا و مزگەوتەکاندا بە مەولوود سازکردن و گوتنەوەی سروودە ئایینیەکان و دابەشکردنى خواردن و شیرینی یادەکە بەرز ڕادەگرن.