هەولێر ... (1187) تابلۆ و ڕێکلامی کۆمپانیا، شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان، گۆڕدرا بۆ کوردی
لە هەولێر ...
(1187) تابلۆ و ڕێکلامی کۆمپانیا، شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان، گۆڕدرا بۆ کوردی
دوا بەدوای فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی زمانی دایک 2023.2.21، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک و ڕاسپاردنى گشت وهزارهتهكان پاڵپشت به یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014 و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانى کارى پێویست بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، لەدیوانی پارێزگای هەولێر ڕۆژی 2023.2.25، بەسەرپەرشتى بەڕێز پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ تەئکید کردنەوە لە جێبەجێکردنى فەرمانى سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئەنجامدرا و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەست بەهەڵمەتێکی گشتگیر بکەن بۆ گۆڕینی تابلۆی شوێنه گشتی و بازرگانیهكان بۆ كوردی.
لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی ڕابردوو لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، توانرا نزیکەی (1187) ڕێکلام و تابلۆی کۆمپانیا، شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان لە زمانی بیانیەوە بگۆڕدرێن بۆ کوردی، هەروەها سەرجەم خاوەن دوکان و چێشتخانە و هوتێل و مارکێت و ڕێستورانت و کۆمپانیا و شوێنە گشتییەکانی تریش ئەوانەی تاکو ئێستا تابلۆکانیان نەکردۆتە کوردی ئاگادار کراونەتەوە پابەندی بڕیارەکەبن و تابلۆی شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.