پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئورمیە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی (20) خاڵیشیان واژووکرد

پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئورمیە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی (20) خاڵیشیان واژووکرد

پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئورمیە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی (20) خاڵیشیان واژووکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.7.23، لەخاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) و بەئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی تری کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزاکانی سیدەکان و چۆمان و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و بەرپرسانی دەروازەکە، لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی زیاتری جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای ئەوەی هەردوولا تەئکیدیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری نێوانیان کردەوە، سێ تەوەری گرنگ خرایە ڕوو، کە یه‌كێک هاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەی عێراق و هەنگاوەکانی كردنه‌وه‌ی خاڵی سنووری سیده‌كان و پێداچوونەوە‌ به‌ ڕێككه‌وتنی نێوان هەولێر و ورمێ له‌ باره‌ی جووڵە ‌بازرگانییەکانی لەخاڵی سنووری تەمەرچین - حاجی ئۆمەران - تەمەرچین.

لەتەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی هاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و مانەوەیان لە هەولێری پایتەخت، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەکردەوە بەسوود وەرگرتن لەساڵی ڕابردوو کە یەکەمینجار بوو (70هەزار) زارەتکاری ئێران لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بکەن، لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەمساڵ پێشبینی هاتنی 500 هەزار زیارەتکار دەکرێت، تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەکان لەئامادەباشی تەواودان بۆ خزمەتکردنیان هەر لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ورمێ بەناوی حکومەتی وڵاتەکەی و وەزیری ناوخۆ و خۆیەوە، سوپاسی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو خزمەت و هاریکاری و ئاسانکارییەی لەساڵی ڕابردوو و لەمساڵیشدا پێشکەشی زیارەتکارانیان کردووە و دەیکەن، لە مانەوەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێم و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.

لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پرسی هەنگاوەکانی کردنەوەی دەروازەی سنووری "سیدەکان" خرایە ڕوو، سەبارەت بەو پرسەش پارێزگاری هەولێر تەئکید لە هەموو ئامادەکارییەکان کردەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا هاوڕابوون لەوەی لەزووترین کاتدا دەستبکرێت بە داڕشتنی میکانزمی بەفەرمی کردنەوەی ئەم خاڵە سنوورییە، کە جگە لەسوود گەیاندن بە هاوڵاتییانی ناوچەکە، لەڕووی جوڵەی بازرگانیشەوە سوودێکی زۆری بۆ هەرێم و وڵاتی ئێران دەبێت، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشدرا بۆ دیراسەکردن و تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەفەرمی کردنەوەی دەروازەی سنووری سیدەکان.

لەتەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەشدا، پرسی ڕێككه‌وتنی نێوان هەولێر و ورمێ خرایە بەرباس، کە بە هۆیەوە توانراوە جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و گەشتیاری لەدەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین پێشوەچوونێکی زۆر بەخۆیەوە ببینیێ و زۆربەی زۆری خاڵەکانیشی وەک خۆی لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێکراوە.

لەکۆتایشدا لەلایەن بەڕێزان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) ڕێککەوتنامەیەکی (20) خاڵی ، بەئامانجی بەرە و پێشبردنی زیاتر و باشترکردن جوڵەی بازرگانی لە خاڵی سنووریی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین و چارەسەرکردنی کەم و کوڕی و کێشە و گرفتەکان واژووکرا و هەردوولاش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، وێڕای دووپاتکردنەوە لە دەرەنجامی باشی کۆبوونەوەکە، جەختیان لە بەرەپێشبردن و باشترکردنی پەیوەندییەکان و جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.