هەولێر: مەڕاسیمی یەکساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی شانۆکار گۆڤار ئەنوەر بەرێوەچوو
هەولێر: مەڕاسیمی یەکساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی شانۆکار گۆڤار ئەنوەر بەرێوەچوو
ئێوارەی یەکشەممە رێکەوتی 20- 8-2023، هەریەك لە سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێرو ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ئاری نانەکەلی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و نزار مامە و سیروان گەردی ئەندامانی بەشی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و کەسوکاری خوالێخۆشبێت گۆڤار ئەنوەر لە هۆڵی پێشەوا ئامادەیی مەڕاسیمی یەک ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی شانۆکار گۆڤار ئەنوەر بوون، کەساڵی پار بەهۆی نەخۆشیەوە ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد …
لە مەڕاسیمی یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی گۆڤار ئەنوەر وێرای پێشکەشکردنی وتاری بنەماڵەی خوالێخۆشبێت، هاوکات ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا لاپەڕەی مێژووی ئاشنا بوونی بە هونەرمەندی کۆچکردوو هەڵدایەوەو رۆژگاری کاری رێکخراوەیی لە یەکێتی لاوان خستە روو کە ئەوکات گۆڤار ئەنوەر وەک هونەرمەندێکی میللی کۆمیدی زۆر بە حەزو خۆشەویستیەوە سەلیقەی خۆرسك و سروشتی نواندن وەک بەهەرە چەکەرەی کردو لەوێوە بە ماوەیەکی پێوانەیی چووە دڵی جەماوەر و خۆی وەك کۆمیدیاکارێکی بە ئەزموون ناساند …
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە گۆڤار ئەنوەر شانۆکارێکی ئاسایی نەبوو بەڵکو ئەو وەك شاسوارێکی رکابەر هاتە مەیدان، بۆ نمونە لە یەککاتدا هەندێک لە لایەنە هونەرییەکانی کۆمیدیای جیدی و هەزەلی دەنواند، ئەوەش وەک ڕێگەیەک بۆ سەرنج خستنەسەر بابەتێکی گرنگ …
بۆ زۆر کەس کۆمیدیای ڕەش و سپی ئەستەم بوو، بەڵام گۆڤاری رەحمەتی لە یەککاتدا دەیتوانی جەماوەر بخاتە گریان و پێکەنین، ئەوەش نیشانەی گەورەی نواندنی گۆڤار بوو…
هەر لەو مەراسیمەدا بەڵگە فیلمێک بە ناونیشانی "خۆشی بۆ نیشتمان 49 بۆ خۆم" نمایش کرا، کە بریتی بوو لە ژیانی هونەری و ویستگە دیارو نادیارەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو…
فیلمە دیکۆمێنتاریەکە لە دەرهێنانی ئەحمەد ئەنوەری برای هونەرمەندی کۆچکردوو بوو…
شایەنی ئاماژە بۆکردنە گۆڤار ئەنوەر ناسراوە بە شێرۆ ڕۆڵگێڕ و شانۆکارێکی کۆمیدیی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٧٨ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدایکبووە، لە ٢٠ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی کەسنەزان بە خاک سپێردراوە.