ناشفیل بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستانەوە پێشوازى لە شاندى پارێزگاى هەولێر دەکات

ناشفیل بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستانەوە پێشوازى لە شاندى پارێزگاى هەولێر دەکات

ناشفیل بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستانەوە پێشوازى لە شاندى پارێزگاى هەولێر دەکات

لە لایەن شارەوانى و ئیدارەى شارى ناشفیلى ویلایەتى تێنسى ئەمریکا کە بە "کوردستانى بچووک" ناسراوە، بۆ پێشوازیکردن لە پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى و وەک ڕێزگرتنێک لە هاوکارى و هەماهەنگى نێوان هەردوولا و بەبۆنەى واژووکردنى ڕێککەوتنامەى دەستەخوشکى شارەکەیان لەگەڵ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، پردەى 'کۆریان ڤێتریانز'ى کە یەکێکە لە پردە سەرەکى و بەناوبانگی شارەکەیان بە ئاڵای پیرۆزى کوردستان ڕووناککردەوە.

ئەمڕۆش پێنجشەممە 2023.9.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە یاوەرى جۆن کوپەر، مایەری شاری ناشفیل و تریفە عەزیز، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و شاندى یاوەرى، ئەو پردەیان بەسەرکردەوە، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر سوپاسى شارەوانى و ئیدارەى شارەکەى کرد بۆ بەرز ڕاگرتنى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان و ڕایگەیاند: "ڕووناککردنەوەى ئەو پردە بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستان لە لایەن ئیدارەى و شارەوانى شارى ناشفیلى ویلایەتى تێنسى ئەمریکا و یەکێک لە گەورەترین وڵاتانى دونیا، ڕێزگرتنە لە خەبات و قوربانیدانى گەلى کوردستان و خوێنى شەهیدان و ئەزموونى هەرێمى کوردستان".

جێگەى باسە، پردەى 'کۆریان ڤێتریانز'ى کە یەکێکە لە پردە سەرەکی و بە ناوبانگى شارى ناشفیل، دواى ڕووناککردنەوەى بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستان، ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیاران وێنەى یادەوەریان لەگەڵ ئاڵاى پیرۆزى کوردستان دەگرت.