لە هەولێر... ”پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس” و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان لەلایەن ئاژانسى جایکا جێبەجێبکرێت

لە هەولێر... ”پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس”  و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان لەلایەن ئاژانسى جایکا جێبەجێبکرێت

لە هەولێر...
به‌ گوژمه‌ى (300) ملیۆن دۆلار، ”پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس” و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان لەلایەن ئاژانسى جایکا جێبەجێبکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.9.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى مەسعود، کاڕەش، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکى باڵاى ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و شاندێکى حکومى پارێزگاى سایناماى ژاپۆنى کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى "پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورسى هەولێر" و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر كرا، کە بە گوژمەى (300 ملیۆن دۆلار) لەلایەن ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى جێبەجێدەکرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی ئاوڕۆکان، پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیی و گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە قۆناغى یەکەم بە درێژی 75 کیلۆمەتر ئەنجام دەدرێت و ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆدەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێتەوە بۆ پارك و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمیانە دروست دەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاوڵاتییان و شارى هەولێر بەگشتى.

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، بەناوى خۆى و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى، سوپاسی حكومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكای كرد کە لە رابردوودا هاوكاری دامودەزگەكانی حکومەتى هەرێمى کوردستان بوونە و ئێستاش بەردەوامن لە هاوكارییەكانیان و تیشکى خستەسەر ئەوەى کە بەشێوەیەکى گشتیى هەمیشە هەنگاوەکانى وڵاتى ژاپۆن و ئاژانسى جایکا بۆ ئەنجامدانى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەرز دەنرخێنین، کە لە ماوەى ڕابردووشدا لە بوارى خزمەتگوزاریدا چەندین پڕۆژەیان ئەنجامداوە، لە نێویشیاندا "پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورسى هەولێر" و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان.

هەروەها گوتى: "لە چوارچێوەی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خوازیارى ئەوەین ئەو هەماهەنگى و هاوکارییەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ژاپۆن هەیە زیاتر بەرەوپێش بچێت و دەخوازین بەهەماهەنگى یەکتر و سودوەرگرتن لە توانای پسپۆڕانی وڵاتی ژاپۆن پڕۆژەی خزمەتگوزارى زیاتر جێبەجێبكرێت و دەرفەتی زیاتریش بۆ كاركردنی كۆمپانیا ژاپۆنیەکان لە هەرێمى کوردستان بڕەخسێندرێت و زیاتر پەرە بەپەیوەندییەکانى نێوان هەردوولامان بدرێت".

لە کۆتایشدا شاندى میوان وێڕاى خۆشحاڵیان بەسەردانیکردنى هەرێمى کوردستان و شارى هەولێر، سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد و سەرسامى خۆیان بە بەرقەراربوونى ئارامى و ئاسایش و ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەى هەولێرى پایتەخت بەخۆیەوە بینیوە نیشاندا.