بەسەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، لیژنەی ئەمنی پارێزگا کۆبووەوە
بەسەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، لیژنەی ئەمنی پارێزگا کۆبووەوە
ئەمڕۆ یەکشەمە 2023.9.24، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە داڕشتنى پلان و ئامادەکارییەکان لە پێناو پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەرو ماڵ و گیانى هاوڵاتیان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگرى شارستانى، تیمە تەندروستییەکان) کرد، لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و بەرقەراکردنى یاسا و نەهێڵانى دیاردە ناشارستانى و دزێوەکان و لەکاتى ڕوودانى ڕووداوە سروشتیە نەخوازراوەکان، لەوبارەیەشەوە تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیداریی و هێزە ئەمنیەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان و پتەوکردنى ئەو هەماهەنگییەى نێوانیان و ڕاشیگەیاند: "ئەوهەڵمەتانەى لە ڕابردوو و ئێستادا ئەنجامدەدرێن دەرەنجامى زۆر باشى هەبووە، بۆیە بەردەوامبوونیان بە پێویست دەزانین".
لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى بەدواداچوون بۆ ئەو هەنگاو و کارانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە هەماهەنگى شارەوانیی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کراوە بۆ ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانى زێدەڕۆییە و سەرپێچییەکان و لادان و نەهێڵانیان بەرز نرخاند و بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر جەختى لەسەر بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکان کردەوە.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر سوپاسى هاوڵاتیانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگ بوونە لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە حکومى و هێزە ئەمنیەکانى ناوخۆ.