پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوی (IOM) کرد
پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوی (IOM) کرد
ئەمڕۆ دووشەممه، 2023.10.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی لە خاتوو دیۆکۆ فۆیجیمێرا، بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوی نێودەڵەتی کۆچ (IOM) کرد.
لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەرى هەماهەنگى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەی بوو، بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوی (IOM) باسى لە پڕۆژە و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکەیان کرد سەبارەت بە پێدانى قەرزى بچووک بۆ لاوان و گەنجان، کە بەمەبەستى پاڵپشتى و هاریکارى بۆ دۆزینەوەى کار و پەرەپێدان بە بەرهەمى ناوخۆیى توانراوە لە سەرانسەرى عێراق پشتگیرى 2 هەزار پڕۆژە بکەن، کە 450 پڕۆژەیان لە هەرێمى کوردستانە و بەرهەمى خۆماڵى و کارى دەستى چەند پڕۆژەیەکى هەرێمیشى پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرد، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر دەستخۆشى لە ڕێکخراوی ناوبراوی کرد بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەش بەگەنجان و لاوانیان کردووە و تیشکى خستەسەر ئەوەى لە چوارچێوە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دیدگاى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ فرە چەشن و فرەرەهەندکردنى ئابوورى و پەرەپێدان بە بەرهەمى خۆماڵى و ڕەخساندنى دەرفەتى کار، لەڕێگەى سندوقی پڕۆژەی بچووک توانراوە هاریکارى گەنجان و لاوان بکرێت و چەندین پڕۆژە بکەوێنە کار، بەڵام لەئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێدانی قەرزى بچووک بۆ گەنجان و هاووڵاتییان وەستاوە و حکومەتى هەرێم بەنیازە لەگەڵ باشبوونى بارودۆخى دارایی دەست بە پڕۆژەکە بکاتەوە.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، باسە لە پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر کرا لەبەرامبەر کێشە و گرفتى کەمى ئاو لە هاوین و مهترسیەکانى ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو لەوەرزى باران بارین و ڕووبەڕووبوونەوەى و هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بە هۆى گۆڕانى کەش و هەوا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا، وەک هەرێمى کوردستان بەدەرنین لەو کێشە جیهانیە، بۆیە پێویستە لە جگە لە دامەزراوەکانى حکومەت، ناوەندە ئەکادیمیەکان و هەموو ڕێکخراوەکان تر کارى جیدى تر و باشتر بکەن و بەشێوەی ستراتیژیی ئەو پرسە کە پرسێکی گرنگ و هەستیار و جیهانیە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش باسى لە سترتیژییەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ ڕێگیرى و پێگیرى لە بەرامبەر لێکەوتەکانى ئەو گۆرانکارییانەى لە کەش و هەوادا ڕوودەدەن.
لە کۆتاییدا، بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوی نێودەڵەتی کۆچ (IOM)، سوپاسی تایبەتی پارێزگاری هەولێری کرد و خۆشحاڵی خۆی بە پشتیوانی و هاوکارى بەردەوامی بەڕێزیان بۆ ڕێکخراوەکەیان نیشاندا.