لە هەولێر .. ئامادەکارییەکان بۆ ڕێورەسمى یادى لە دایكبوونی پێشەوای ئیسلام، فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ) ﷺ دەستى پێکرد
لە هەولێر ..
ئامادەکارییەکان بۆ ڕێورەسمى یادى لە دایكبوونی پێشەوای ئیسلام، فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ) ﷺ دەستى پێکرد
ئەمڕۆ چوارشەمە 2023.9.20، بە مەبەستى ئامادەکاریی بۆ ڕێورەسمى ڕۆژى لە دایكبوونی پێشەوای ئیسلام، فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ) ﷺ، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و تەیب زرار، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاوقافى هەولێر و شێخ موسا باقرانى، سەرۆکى لقى هەولێرى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا و بەڕێوەبەرى ئەوقافى هەولێر و بەڕێوەبەرى ئاوقافى دەوروبەر و سەرۆکى کۆمەڵەى قورئان خوێنان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ بەرز ڕاگرتنى ئەو یادە بەرز و پیرۆزە کرا، کە ساڵانە لە هەولێرى پایتەختی هەرێمى کوردستان بەرێورەسمى جەماوەرى فروان و رێکخستنی مەولوود و گوتنەوەی سروودە ئایینیەکان و چەند چالاکییەکی دیکە جۆراو جۆر بەڕێوەدەچێت، پارێزگارى هەولێر تەواوى لایەنەکانى ڕاسپارد بۆ ئەمساڵ بە شێوەیەکى فەرمى و لە سەر ئاستى جیاجیا و بە فراوانى لەئەمڕۆ دەست بە ئامادەکارییەکان بکرێت بۆ ئەو یادە بەرز و پڕشکۆیە لە نێو سەنتەرى شارى هەولێر و دەروبەرى.
جێگەی باسە، ساڵانە هەر لە سەردەمی سووڵتان موزەفەرەدینەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێرى پایتەختی هەرێمى کوردستان ژمارەیەکى زۆری هاوڵاتییان بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ) ﷺ ، بە چالاکی و شێوازی جیاواز خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕن و لە نێو سەنتەرى بازاڕ و شەقام و خانەقا و مزگەوتەکانیشدا بە مەولوود سازکردن و گوتنەوەی سروودە ئایینیەکان و دابەشکردنى خواردن و شیرینی یادەکە بەرز ڕادەگرن.