پارێزگاری هەولێر لەگەڵ "ئەحمەد تورك" كۆبووەوە

پارێزگاری هەولێر لەگەڵ

پارێزگاری هەولێر لەگەڵ "ئەحمەد تورك" كۆبووەوە

رۆژی سێشەممە 2024.4.30، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەکەى بۆ شارى دیار بەكر و بەشدارى شاندى پارێزگاى هەولێر لە 15ـەمین پیشانگای میزۆپۆتامیا، لەگەڵ سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیار "ئەحمەد تورک" كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئەحمەد تورك سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی لە ڕێگەی پارێزگارەوە بە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتى هەرێم گەیاند و هیوای خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رۆڵی سەرەكی هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەم دواییەی شارەوانیەكان كە ویست و خواستی راستەقینەی خەڵكی توركیاى نیشان دا، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە حكومەتی توركیا دەستپێشخەر بێت بۆ ئاشتەوایی بە ئازادكردنی بەندكراوانی سیاسی و دەستپێكردنەوەی بێ مەرجی گفتوگۆی ئاشتیانە.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و هاوسەرۆكانی دیكەی شارەوانی شارەكان، هیوای سەرکەوتنى لە ئەرك وكارەكانیان بۆ خواستن و دووپاتیشی كردەوە کە سەرۆك بارزانی هەمیشە جەخت لە سەر پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان دەکاتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام وەكو فاكتەرێكی سەقامگیری و بەشێك لە چارەسەر لەم بارەدا رەفتاری كردووە، پارێزگارى هەولێر هەروەها ئاماژەی بەوەشدا چارەسەریی ئاشتیانە داوایەكی ڕەوایە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەكان پاڵپشتی بكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەر هەنگاوێكی لەم جۆرە ئامادەیە.