پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ سەرۆکى ڕێکخراوى پیشەسازان و کارسازانى دیاربەکر کۆبووەوە
پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ سەرۆکى ڕێکخراوى پیشەسازان و کارسازانى دیاربەکر کۆبووەوە
رۆژی پێنجشەممە 2024.5.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری محمد قایە، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر و شوان زراری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی و کارزان عبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و هێمن موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و شاندى یاوەرى، لەگەڵ مستەفا فیدان، سەرۆکى ڕێکخراوى پیشەسازان و کارسازانى دیاربەکر و ئەندامانى دیکەى دەستەى کارگێڕى ڕێکخراوەکە کۆبووەوە.
لەسەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى بەخێرهێنان لەلایەن سەرۆکى ڕێکخراوى پیشەسازان و کارسازانى دیاربەکر، پوختەیەک لەسەر کار و چالاکیی و مێژووى دامەزراندنى ڕێکخراوەکەیان و ڕێژەى هەناردەکردن و ناردنەدەرەوەى بەرهەمەکانییان بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان خستە ڕوو، پاشان جەختیان لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى ههولێر، تیشكی خستهسهر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵی بازرگانی و بەرەوپێشبردنى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازى و وەبەرهێنان لە نێوان وڵاتى تورکیا و هەرێمى کوردستان، و گوتى، هەموو هەولێکی خۆمان خستۆتهگهڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی لە شارەکەمان.
ڕاشیگەیاند: "دەرگاى ئێمە بەڕووى هەموو بازرگان و پیشەسازان و کارسازان و وەبەرهێنەران کرایەوە، ئێمەش وەک پارێزگاى هەولێر ئامادهین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانانى وڵاتى تورکیا و وڵاتانى دیکە بکەین تاوەکو ڕۆڵ و کاریگەریان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و پهرهپێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەهەولێرى پایتەخت".