پارێزگاری هەولێر، سەردانى پارتى دیموکراتى کوردستانى تورکیای کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانى پارتى دیموکراتى کوردستانى تورکیای کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانى پارتى دیموکراتى کوردستانى تورکیای کرد

رۆژی پێنجشەممە 2024.5.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شوان زراری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی و کارزان عبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و هێمن موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و شاندى یاوەرى، لەشاری دیاربەکر سەردانى بارەگاى پارتى دیموکراتى کوردستانى تورکیای کرد و لەلایەن محەمەد ئەمین قارداش، سەرۆکى پارتى و ئەندامانى دیکەی مەکتەبى سیاسى پارتی پێشوازى لێکرا.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکى پارتى وێراى بەگەرمى بەخێرێنانى پارێزگارى هەولێر، خۆشحاڵى خۆى بەسەردانەکەیان نیشاندا و جەختى لە بەروەپێشبردنى پەیوەندییەکان کردەوە.

لە لایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "وەک شاندى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر لە ئامەدى سەربەرز و خۆشەویست، خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین لە خزمەتى هەڤاڵ و تێکۆشەرى گەلەکەمان حەمەدئەمین قارداش داین".

گوتیشى: "خەباتى ئێوە و تێکۆشینى ئێوە لاى ئێمە جێگەى ستایشە و بەڕێزەوە لە خەباتى ئێوە دەڕوانین ، لەگەڵ گەیاندنى سڵاوى سەرۆک بارزانى بەئێوەى وڵاتپارێز، هیواى سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانتان بۆ دەخوازین و هیوادارین وەک چۆن لە ڕابردوودا سیاسەتێکى نیشتیمانى و دروستان پەیڕەو کردووە، بە هەمانشێوە بەردەوامبن".

لە کۆتایشدا پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "پشتیوانیکردنى وڵاتپارێزان بەلاى ئێمەوە ئەرکە و دەخوازین ئێوەش وەک هێزێکى ڕەسەن و ڕاستەقینەى ناوچەکە بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا لە خەبات بەردەوامبن، کە تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرى کێشەى کورد لە تورکیا و و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لە دەست بدرێت".