لۆزان ... دیداری نێوان پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانی لۆزان
لۆزان ...
دیداری نێوان پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانی لۆزان
رۆژی پێنجشهممه 2024.5.23، له چوارچێوەی سەردانی بۆ بەشداریکردن لە (44)ەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی فڕانکۆفۆنی كه به بهشدارى (500) پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی شارەکانی جیهان لە شارى لۆزانى وڵاتى سویسرا بهڕێوهدهچێت، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى ههولێر، بە یاوەری ڕێوان حسێن، لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا، سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی لۆزانى کرد و لهگهڵ گرێگۆر جونۆد، سهرۆكى شارهوانى لۆزان كۆبۆوه.
له دیدارهكهدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕای گەیاندنی سڵاوى ڕێزدار مهسرور بارزانى، سهرۆكی حكومهتی ههرێمى كوردستان، سوپاسى سەرۆکى شارەوانى لۆزانى کرد کە بەشێکى گرنگ بووە لە سەرکەوتنى بەڕێوەچوونى (44)ەمین كۆنگرهی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی لە شارەکەیان، هەروەها سوپاسى کرد کە لە ساڵانى ڕابردوودا کاتێک ڕەوەندى کوردى لە شارەکەیان بەبۆنەى ساڵیادى پەیمانامەى لۆزان چاڵاکییان دەبێت، وەک حکومەتى خۆجێیى شارەکە ئاسانکارییان پێشکەش دەکەن، پاشان به فهرمى بانگهێشتى کرد بۆ سهردانیكردنى ههولێرى پایتهختى ههرێمى كوردستان، لە لایەن خۆیەوە سەرۆکی شارەوانی لۆزان بە سوپاسەوە بانگهێشتەکەی قبوڵکرد و تەئکیدی کردەوە کە لە ئایندەدا سەردانی هەولێری پایتەخت دەکات.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا کە ئێمە وەک گەلى کوردستان خۆشمان نییە لەو پەیمانامەیەى کە لە شارى لۆزان واژووکراوە و بەهۆیەوە خاکى کوردستان پارچە پارچە کراوە، بەڵام ئەوە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندى بە خەڵکى ئەم شارەوە نییە، دواتر هەردوولا باسیان لەو مێژووە کرد و سەرۆکى شارەوانى لۆزان جەختى لەوە کردەوە کە ئەم یادگارە بۆ خەڵکى شارەکەى ئەوانیش خۆش نییە، کە دواى واژووکردنى پەیماننامەکە خاکى کوردستان پارچە پارچە کراوە.
جێگەى باسە، پەیمانی لۆزان لە 24ی تەمموزی 1923 لە شارى لۆزانى وڵاتى سویسرا واژۆکرا و ناوەڕۆکی پەیماننامەی سیڤەر ھەڵدەوەشاندەوە کە پێشنیاری دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆى کوردی بوو و چارەنووسی خاکە کوردییەکانى دابەشکرد و کوردستانی وەک قەوارەیەکی سەربەخۆی هەڵوەشاندەوە و بەسەر چوار وڵاتدا (عێراق، تورکیا، ئێران، سوریا) دابەشیکرد.