هەولێر … سیمیناری پێگەو ئایندەیی زمانی کوردی لە نێو زمانەکانی جیهان بەرێوەچوو
هەولێر …
سیمیناری پێگەو ئایندەیی زمانی کوردی لە نێو زمانەکانی جیهان بەرێوەچوو
ئێوارەی سێشەممە 5-6-2024 بە چاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەرو رۆشنبیران، سەنتەری رۆشنبیری خەون بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری ئاڵا، سیمینارێکیان بۆ فازیل شەوڕۆ لەسەر بابەتی ( پێگەو ئایندەیی زمانی کوردی لە نێو زمانەکانی جیهان ) رێکخست …
لەو سیمینارەدا فازیل شەوڕۆ بە شێوەیەکی زانستی باسی لە مێژوویی زمان کردو دووپاتیکردەوە کە زمانی کوردی بەردەوام لەژێر هەرەشەدا بووە و پیلانگێری زۆری لەسەر کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر ئاستی میللی و نەتەوەیی زمانی(دایك) كوردی تاڕادەیەكی باش ماوەتەوە، هەرچەندە لە هەر پارچەیەكی كوردستان دا لەژێركاریگەری رژێمە داگیركارەكاندان و هەرجارەی بەناوێك و لەژێر پاساوێكدا تەنگیان بە زمانی كوردی هەڵچنیوە، لە کۆتاییدا فازیل شەوڕۆ داوای لە دەستەبژێری خوێندەوارو بڕوانامەدارەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی کرد، کەوا نەهێڵن زمانی دایكمان لاواز ببێت و بەرەو نەمان بچێت، چوونکە هیچ بوونەوەرێك نیە بەزمانی خۆی قسە نەكات و هیچ نەتەوەیەكیش نیە بە ئەندازەی كورد لەناوچەكەدا ستەمی زمانی لێكرابێت.
لە کۆتاییدا خەڵاتی رێزلێنان بە فازئل شەوڕۆ بەخشرا…