پارێزگاری هەولێر، سەردانی شاعیری گەورەی نەتەوەیی كورد (مەدحەت بێخەو)ى کرد
پارێزگاری هەولێر، سەردانی شاعیری گەورەی نەتەوەیی كورد (مەدحەت بێخەو)ى کرد
ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە 2024.6.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ماڵەکەى خۆى سەردانی شاعیری گەورەی نەتەوەیی كورد (مەدحەت بێخەو)ى کرد.
لە سەردانەکەیاندا، پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە لە ڕەوشی تەندروستی بەڕێزیانی پرسی و هیوای تەمەن درێژی و لەش ساغی بۆ خواست، هەروەها تیشکی خستەسەر مێژوو و ڕۆڵی دیاری شاعیر لە بزاڤی ئەدەب و ڕۆشنبیری نەتەوەیی کورد و هەموو پاڵپشتی و پشتیوانی و هاوکارییەکی خۆشی لە پێناو پڕۆژە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی نیشاندا.
جێگەی باسە، شاعیری گەورەی نەتەوەیی كورد (مەدحەت بێخەو) لەساڵی 1934 لە مەخموور لەدایكبووە، خاوەنی چەندین بڵاوكراوەی شیعرییە و ڕۆلێكی گرنگی هەبووە لە بواری شیعری نەتەوەیی و شیعر بۆ منداڵان و لاوان و ئافرەتان، هەروەها ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر و خزمەتێكی زۆری ئۆپەرێتی منداڵانی كوردستانی كردووە و زۆرێك لە شیعرەكانی لە قوتابخانەكان دەخوێندرێت و خاوەنی سروودی(ئێمە پشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین)ە کە لەساڵی 1961 بەدەنگی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان فوئاد ئەحمەد تۆمارکراوە و لە خەباتی شاخەوە بۆتە مارشی بەردەوامی ڕادیۆی دەنگی کوردستان.