لە لقى2 ... کۆبوونەوەیەک لە بارەی کار و گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی 2024، ئەنجامدرا

لە لقى2 ... کۆبوونەوەیەک لە بارەی کار و گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی 2024، ئەنجامدرا

لە لقى2 ...
کۆبوونەوەیەک لە بارەی کار و گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی 2024، ئەنجامدرا

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.7.17، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2ی پارتى و بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، لە بارەگای لقی2ی پارتى دیموکراتى کوردستان سەبارەت بە کار و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەمساڵ 2024، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کارگێڕ و ئەندامانى لق و بەرپرسانی لیژنە ناوچەکان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى لە لایەن پارێزگارى هەولێر پلان و بەرنامەى کاری پارێزگا بۆ ساڵى 2024 لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدان خرایەڕوو، کە ڕەزامەندیان بۆ وەرگیراوە بە گوژمەی (121 ملیار و 500 ملیۆن دینار) و بوودجەی تەرخانکراو بۆ سەنتەری شاری هەولێر ( 59 ملیار دینار)ە، بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم سێکتەرەکانی (ئاو، کارەبا، شەقام، ئاوەڕۆ) و خزمەتگوزاریی دیکەی پێویست، لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێرەوە چۆنیەتی ئەنجامدان و شوێنی پڕۆژەکان و دابەشکاریان لەسنووری شارەوانییەکان بەپێی پێویست ڕوونکردنەوەی لەبارەوە درا.

پاشان، گفتوگۆیەکی کراوە دەربارەی بەرنامە و پلان و ستراتیژیەتى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم ساڵ و بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتییان کرا، کە لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەردەوامیدانە بە گەیاندنى خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە شێوەیەکى یەکسان لە سنوورى هەر 10 قەزا و گوند و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بە تایبەتى ئەو شوێنانەى کە پێویستیان بە ئاوەڕ لێدانەوەى زیاتر هەیە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییان و خەڵكی شارى هەولێر کە شایستەی ئەوەن باشترین خزمەتگوزارییان لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان پێشکەش بکرێت، تەئکید لە سەر هەماهەنگی و هاریکارى زیاتری نێوان حزب و حکومەت کرایەوە.