هەولێر .. لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی پەردەی لە سەر پەیکەرى دۆستى کورد پڕۆفیسۆر "میرێلا گالێتی" لادرا
هەولێر ..
لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی پەردەی لە سەر پەیکەرى دۆستى کورد پڕۆفیسۆر "میرێلا گالێتی" لادرا
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2024.9.4، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و ئاریان صلاح الدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و مێکێلێ کامێرۆتا، کونسڵى گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر و کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و نوێنەرانی بنەماڵە و کەس و کارەکەی، لە ڕێورەسمێکدا لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی کونسڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، پەردەی لە سەر پەیکەرى دۆستى کورد پڕۆفیسۆر "میرێلا گالێتی" لادا.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، دوای بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووان، بە تایبەتی خانەوادەی "میرێلا گالێتی"، ڕایگەیاند : " ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەشکۆ و شانازییەوە پەردە لە سەر پەیکەری دۆستێکی ئازیز و خۆشەویستی گەلەکەمان لادەدرێت، کچێکی گەنج، کە لە 70 کانی سەدەی ڕابردوو هاتۆتە کوردستان و ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە بارەی ژیان و داب و نەریت و مێژووی گەلەکەمان و یەکێک بووە لە ئەندامانی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس و لە ڕۆژە سەختەکانیش لە نێو شۆڕش و خەباتی گەلەکەمان لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەمان ژیاوە، ئەوەی ئەمڕۆش بۆ ئەو دۆستە ئازیز و خۆشەویستمان کراوە ڕێز و وەفای حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەرهەق بە هەوڵ و کۆشش و کار و بەرهەمەکانی".
گوتیشی، "سوپاس و ڕێز بۆ کونسڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و بەڕێز وەزیری شارەوانی و ستافی کۆنسڵخانە لە هاوکاریان بۆ جێبەجێکردنی ئەوبەرنامەیە"
پارێزگاری هەولێر لە بارەی دانانی پەیکەرەکەش لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەودا، ئامانج بە زیندوو هێشتنەوە و بینینی ئەو خانمەیە، کە ڕۆژانە هاوڵاتییان و گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی سەردانی دەکەن.
لە کۆتایشدا، دەستخۆشی لە هونەرمەند "هادی زیائەدینی" کرد بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە، هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان کرد بۆ ئەو ئاسانکارییانەی لە دانانی پەیکەرەکە پێشکەشیان کردووە.
دوای پێشکەشکردنی وتاری کونسڵی گشتی ئیتاڵیا و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و بریکاری وەزاەتی ڕۆشنبیری و خانەوادەکەی، لە لایەن ئامادەبووانەوە، پەردە لەسەر پەیکەری دۆستى کورد پڕۆفیسۆر "میرێلا گالێتی" لادرا.
جێگەی باسە، دۆستى کورد پڕۆفیسۆر "میرێلا گالێتی" ساڵی 1949 لە ئیتاڵیا لەدایکبووە و بەشێکی زۆری کار و بەرهەم و ژیانی بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە لەسەر کورد و کوردستان تەرخانکردووە و لە 4ـی ئەیلوولی ساڵی 2012، لە شاری ڕۆما کۆچی دوایی کردووە، وەک رێز و وەفایەک لە بەرمبەر بەرهەم و کۆششی بۆ کورد و کوردستان لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، لەلایەن پارێگای هەولێر بە هەماهەنگی کونسڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێری پایتەخت پەیکەری بۆ دروستکراوە.