گەڕەکی فەرمانبەران.... بە گوژمەی زیاتر لە ( 1 ملیار دینار ) قیڕتاوکردنی شەقامى 60 مەترى گەڕەکەکە دەستى پێکرد
گەڕەکی فەرمانبەران....
بە گوژمەی زیاتر لە ( 1 ملیار دینار ) قیڕتاوکردنی شەقامى 60 مەترى گەڕەکەکە دەستى پێکرد
"پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەکەى بەسەرکردەوە"
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.9.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و نیاز ساڵح، بەڕێوەبەرى شارەوانى چوار، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوە چوونى کارەکان، پڕۆژەى قیڕتاوکردنی شەقامى 60 مەترى گەڕەکی فەرمانبەرانى بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەى ( 1 ملیار و 237 ملیۆن و 350 هەزار دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.
پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆڵییەوە، دەستخۆشى لە تیمی ئەندازیارى و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە کرد بە بۆنەى ئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە کە خواست و ویستى دانیشتوانەکەى بوو، لەوبارەیەشەوە تیشکى خستە سەر ئەو بەڵێنەى کە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەختى دابووى سەبارەت بە دەستکردن بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەو جێگە و شوێنانەى کە پێویست دەکات دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارییان پێبگات و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە گەڕەکى فەرمانبەران و لە بەشێکى تری گەڕەک و شوێنانەکانى تری سنوورى پارێزگاى هەولێر لەگەڵ ئەو دۆخە دارایی کە هەبووە چەندین پڕۆژەى جۆراو جۆر لە تەواوى سێکتەرە جیاوازەکان ئەنجامدەدرێت".
گوتیشى: "سەرجەمی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە، ئێمەش لە پارێزگاى هەولێر چى لە تواناماندابێت بەپێى ئیمکانیات و بودجەى بەردەست پڕۆژەى خزمەتگوزاریی ئەنجامدەدەین، دڵنیایی خەڵکى گەڕەک و گوند و قەزا و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەشمان دەکەینەوە، لە خواست و داواکارییەکانیان دەگەین، پشتیوان بەخوداى گەورە بەپێى کات و دەرفەت و بودجەى پێویست بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان دەست بە گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەین بۆ هەموو ئەو شوێن و جێگایانەى کە پێویستن".
جێگەى باسە، شەقامى 60 مهترى گەڕەکی فەرمانبەران کە هەردوو شەقامى سەرەکى 120 مەترى خێرا و شەقامی کەندی کۆرنیش بەیەکەوە دەبەستێتەوە، درێژی شەقامەکە 2400 مەتر دووجایە و بە بڕی 69,000 مهتر2 قیڕتاو دەکرێت، یەکێکە لە شەقامە گرنگەکانى ئەو گەڕەکە و بەتەواوبوونى ئاسانکارییەکى زۆر پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات و دانیشتوانى ناوچەکەش سوودێکى زۆرى لێدەبێنن.