کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەردەوامە

کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەردەوامە

کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەردەوامە و بەشێکی بۆڕیی پرۆژەکە ئامادەیە و خراوەتە ژێر زەوی، ئەو پڕۆژەیە کە لە 60٪ی ئاوی هەولێر دابین دەکات و تاوەکو 30 ساڵی داهاتوو کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دەهێنێت، ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات و لەماوەی یەک کاتژمێردا نزیکەی 20 هەزار مەتر سێجا ئاو فلتەر دەکات کە بۆ خواردنەوە بشێت، ئەو ڕێژەیەش دەکاتە کۆی هەموو ئەو ئاوەی لە هەرسێ پرۆژەی ئیفراز و کۆی ئەو بیرانەی ئاو بۆ هەولێر دابین دەکەن.
لە کۆگاکانی دابەشکردنی ئاو بە چوار بۆری گەورە ئاو دەگەینرێتە شاری هەولێر بەمجۆرە ئاماژەی پێکراوە:
بۆری یەکەم، 1200 ملیمەتر ئاو لە سێبیرانەوە دەگوازێتەوە و بە شەقامی 150 مەتریدا تێدەپەڕێت تا ڕێگای کۆیە، لەو ئاڕاستەیە ژمارەیەک لقی لێدەبێتەوە کە ئاو دەگوازنەوە بۆ 'سێبیران ، شێخەشل، گەزنە، بەحرکە، پیرزین، شاوێس'.
بۆری دووەم، لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێتە ناوشار، تا دەگاتە شەقامی بەحرکە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی ئەم سنورە دابین دەکات
بۆری سێیەم، 1200 ملیمەتر ئاو لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتریەوە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی 'مامزاوە، قەتەوی، ژیان، تۆبزاوە ئەحمەد، دارەتوو، بنەسلاوە، هەشتی حەسارۆک و کەسنەزان.
بۆری چوارەم، لەناوەوەی شەقامی 120 مەتریەوە ئاو دەگوزێتەوە بۆ گەڕەکەکانی 32ی پارک، شادی، بەهاری نوێ، بەهاری کۆن، کوردستان، کرێکاران، نێرگز، ڕاستی و 94ی باداوە.