دارەشەکران ... پەردە لەسەر پەیکەری هەردوو شەهیدی دەڤەری زرارەتی و داستانی شاخۆلان، "شەهید خەلیل و شەهید سەید فەتحى" لادرا
دارەشەکران ...
پەردە لەسەر پەیکەری هەردوو شەهیدی دەڤەری زرارەتی و داستانی شاخۆلان، "شەهید خەلیل و شەهید سەید فەتحى" لادرا
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.10.10، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاراس حەسۆ میرخان، بەرپرسی دەستەی وەبەرهێنانی پارتی و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16 و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24ی سەفینی پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و هاوڵاتییانی دەڤەری زرارەتی، لە ڕێورەسمێکی شایستەدا وەک ڕێز و وەفایەک بۆ تێکۆشان و خەبات و قوربانیدانیان، لە سەنتەری ناحییەی دارەشەکران، پەردە لەسەر پەیکەری هەردوو شەهیدی قارەمانی دەڤەری زرارەتی و داستانی شاخۆلان، "شەهید خەلیل و شەهید سەید فەتحى" لادرا، کە لەلایەن پارێزگای هەولێر دروستکراوە.
جێگەی باسە، داستانى شاخۆلان لە کۆتایی مانگى شوباتى 1969 لە گوندى شاخۆلانى باکوورى هەولێر ڕوویدا، کاتێک کە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانى "خەلیل و سەید فەتحى" بۆ کارى شۆڕش دەچنە ئەو گوندە هێزێکى حکومەت کە لە سوپا و جاش پێکهاتبوو بە گوندەکەدا تێدەپەڕن، بە هەر هۆکارێک بێ درک بە بوونى پێشمەرگە دەکەن بۆیە چواردەورى گوندەکە دەگرن و شەڕ لە نێوانیاندا دروست دەبێ، دواى دوو ڕۆژ شەڕو پێكدادان هەردوو پێشمەرگە شەهید دەبن بەڵام زیانێکى گەورە بە سوپا و جاشەکان دەگەیەنن لە کوژراو و بریندار.