لە هەولێر.. پەردە لەسەر پەیکەری شانۆکار و خانمە ئەکتەرى دیاری کوردستان و هەولێر کۆچکردوو ( سەمیرە عەبدۆک ) لادرا
لە هەولێر..
پەردە لەسەر پەیکەری شانۆکار و خانمە ئەکتەرى دیاری کوردستان و هەولێر کۆچکردوو ( سەمیرە عەبدۆک ) لادرا
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 2024.12.3، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونی هیوا سوعاد، سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى هونەرمەندانی کوردستان و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندانى شانۆکار و هونەردۆست و نووسەر و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیر و هاوڕێیانی، لە باخچەی سەندیکای هونەرمەندان لە هەولێرى پایتەخت، لە مەراسیمێکدا وەک ڕێز و وەفا بەرامبەر مێژووى کارە هونەرییەکانى پەردە لە سەر پەیکەری شانۆکار و خانمە ئەکتەری دیاری کوردستان و هەولێر کۆچکردوو ( سەمیرە عەبدۆک ) لادرا.
لە مەراسیمەکەدا پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا ستایشی خزمەتکردنی هونەری کوردی ئەو خانمە هونەرمەندەی کرد و تیشکى خستەسەر ڕۆڵى مێژووى ناوبرا وەک ئافرەتێک لە پێشخستن و پەرەپێدانى دراما و شانۆى کوردى و خزمەت و کارە هونەرییەکانى بەرزنرخاند، گوتیشى، "سەمیرە عەبدۆک ماییەی شانازی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتیە".
جێگەی باسە، کۆچکردوو "سەمیرە عەبدۆک" خانمە ئەکتەرى دیارى دراما و شانۆى کوردستان و شارى هەولێر، لە ساڵى 1954 لە بەغدا لە دایک بووە، لە ساڵی 1969 لەگەڵ هونەرمەند سەعدون یونس هاوسەرگیرى کردووە و 30 ساڵ زیاتر هاوشان لەگەڵ هاوسەرەکەى بەشدارى لە چەندین دراما و شانۆ و کاری هونەریدا کردووە و بەشاژنى نواندنى ساڵانى 80 کان ناسراوە، بەداخەوە لە 1997.4.6 بەهۆى نەخۆشییەوە لە وڵاتى ئەڵمانیا کۆچى دوایی کردووە.