پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق و شاندێکی یاوەرى کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق و شاندێکی یاوەرى کرد

ئێوارەى رۆژی دووشممە 2022.3.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و سەروەر کمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى کرد لە ستار الجابرى، بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆکاروباری ئیداری و شاندێکى یاوەرى کە پێکهاتبوو لە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێری و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى گشتی نەخشەدانان و بەڕێوەبەرى چاودێرى کۆمپانیاکانى خۆراک و یاریدەدەرى چاودێرى بازرگانى وەزارەت و بەشێک لەبەڕێوبەرانی ئیداری و شارەزا و ڕاوێژکاران.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ و ئاودێرى هەولێر و بەڕێوبەری گشتیی چاودێری بازرگانی هەولێر ئامادەی بوون، بەمەبەستى خزمەتکردنی زیاترى هاوڵاتیان جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە، هەروەها لەبارەی فۆڕمی خۆراک و بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان باس لە کارئاسانی کرا لە ڕێگەی تیمێکی شارەزا، پاشان تەئکید لە پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران و دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. لەو بارەیەشەوە بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆکاروباری ئیداری وێڕاى ئەوەى دڵنیاییدا لەبەردوام بوونی پێدانی شایستەداراییەکانی جوتیاران، گوتیشى: "وەک هاوڵاتیانی سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق، سەبەتەی خۆراک بەسەر هاوڵاتیانی پارێزگاى هەولێر و پارێزگاکانى ترى هەرێمی کوردستان دابەشبکەین".
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پرسى ئاسایشی خۆراک و چەند بابەتێکى ترى گرنگ و پەیوەست بە پێداویستییەکانى هاوڵاتییان تاوتوێکران.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى شاندنى میوان، پیرۆزبایی لە ستار الجابرى کرد، بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆکاروباری ئیداری و هیواى سەرکەوتنى بۆخواست و ئاماژەی بە وەدا کە هاوکاری و هەماهەنگی نێوانمان دەتوانێت دەرەنجامی باشی هەبێ بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگاى هەولێر، ئامادەین هەموو هاوکارى و ئاسانکارییەکتان پێشکەش بکەین لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان سنووری پارێزگاکەمان".