وان ..... پارێزگاری هەولێر، سەردانی بارەگای سەرەکی «دەم پارتی» دەکات
وان .....
پارێزگاری هەولێر، سەردانی بارەگای سەرەکی «دەم پارتی» دەکات
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ شاری وان، ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری وان کرد و لەلایەن گولشەن کورت و وەیسی دلکچی، هاوسەرۆکان و هەردوو پەرلەمانتار مەحمود دیندار و گولدەرەن وارلی و بەرپرسانی دیکەی ڕێکخستنەکانی ئەو پارتەوە پێشوازییان لێکرا.
له دیدارەکەدا، کە هەریەک لە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ژوورە بازرگانییەکان ئامادەی بوون، جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەکان کرایەوە، هاوکات پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و ئابووریی نێوان پارێزگای هەولێر و شاری وان خرایە بەرباس و هەردوولا دووپاتیان لەسەر گرنگیی گفتوگۆی بنیاتنەر و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کردەوە. ئەمەش وەک تەنیا ڕێگەچارە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، پڕۆسەی ئاشتی، دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە لە تورکیا، نەک تەنها بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵکو بۆ سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری تەواوی ناوچەکە و بەتایبەت هەرێمی کوردستان جێگای بایەخە.
گوتیشی، هەرێمی کوردستان هەمیشە، فاکتەری ئەرێنی و پاڵپشت بووە بۆ هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بکات، چونکە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە بە یەکەوە بەستراوەتەوە.
لەلایەن خۆیانەوە، بەرپرسانی باڵای "دەم پارتی" خۆشحاڵی خۆیان بە گوتار و پێشوازی پارێزگاری هەولێر نیشاندا و جەختیان لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان نێوان هەردوولا کردەوە.