بەئامادەبوونى پارێزگاری هەولێر، لەیادى (34) ساڵەی کیمیابارانکردنى هەڵبجە، فیستڤاڵى تەندروستى ئازادى و نەورۆز بەڕێوەچوو

بەئامادەبوونى پارێزگاری هەولێر، لەیادى (34) ساڵەی کیمیابارانکردنى هەڵبجە، فیستڤاڵى تەندروستى ئازادى و نەورۆز بەڕێوەچوو

سەرلەبەیانى چوارشەمە 2022.3.16، لەیادی (34) ساڵەی کیمیابارانکردنى هەڵبجەى شەهید، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا لەنێو پارکى شار، ڕێکخراوى تەندروستى ئاشتى بەهەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتی تەندروستى هەولێر، فیستڤاڵى تەندروستى ئازادى و نەورۆز بەڕێوەچوو.
لەفیستیڤاڵەکەدا کە هەریەک لە بەرەڤان حەمدى، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتى هەرێمی کوردستان و ئەندازیار عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار و ژمارەیەکى دیکە لەئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر لە گوتارێکدا وێڕاى دەست خۆشى لە ڕێکخراوى تەندروستى ئاشتى و بەڕێوەبەرایەتى گشتی تەندروستى هەولێر بۆ ئەنجامدانى ئەم فیستیڤاڵە کە چەندین پشکنین بەبێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتییان ئەنجامدەدەن، ئاماژەیدا بە کارەساتى کیمابارانکردنى هەڵبجەى شەهید و ڕایگەیاند: "ئەمرۆ یادى گەورەترین مەرگەساتە کە بەسەر نەتەوەکاماندا هاتووە ئەویش لەرۆژێکى وەکو ئەمڕۆ لە 16-3-1988، رژێم بەعسی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی کوردستان، شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی شارەکە شەهید بوون، سەرى ڕێز و نەوازش لەئاست شەهیدانى ئەو کارەساتە دادەنوێنین".