پارێزگارى هەولێر: " ژینگەى هەولێر لە سەرووى هەموو شتێکە و بە هیچ جۆرێک دەستبەردارى نابین و پارێزگاریکردن لێى سازشى لەسەر ناکرێت "

پارێزگارى هەولێر:

پارێزگارى هەولێر: " ژینگەى هەولێر لە سەرووى هەموو شتێکە و بە هیچ جۆرێک دەستبەردارى نابین و پارێزگاریکردن لێى سازشى لەسەر ناکرێت "

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.2.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لە بارەى ژینگەى شارى هەولێر و شلتەرى سەگى بێلانە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، ڕایگەیاند، لە پێناو جێبەجێکردنی فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا، وێڕاى دەستخۆشى لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەو ڕیکار و ڕێوشوێنانەى کە لە ماوەى ڕابردوو دەرهەق بە سەرپێچى کاران گیراوەتەبەر، دووپات لە سەر توندکردنى بە دواداچوون و گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکان دەکەینەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانەى پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان پاکڕاگرتنى ژینگە نابن.

لە بارەی داخستنی پاڵاوگەکان کە لە هەل و مەرجى جیاجیا دروستکراون، تیشکى خستەسەر ئەوەى کە شوێنەکەیان دەگواسترێتەوە، ئەوانەى کە مەرجى کارکردنیان هەیە، مۆلەتیان پێدەدریت، بەلام ئەوەى ئێستا بەلاى ئێمەوە گرنگە ئەو پاڵاوگانە کە ئێستا بەشێکن لە پیس بوونى ژینگەى شارى هەولێر ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵیان بەردەوامە.

ئاشکراشى کرد لە ماوەى ساڵانی رابردوو ( 138 ) پاڵاوگە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبووە، لە ماوەى ڕابردووشدا بەشێکیان داخران، لەو ماوەیەشدا ( 59 ) پاڵاوگەى تر داخراون، ئەوانەشى کە ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن دواى چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى هەیان بووە بەڵێنامەیان لێوەرگیراوە کە پابەندى ڕێکار و ڕینماییەکانى پاراستنى ژینگە بن، ئەو پاڵاوگەیانەشی بوونەتە هۆکاری پیسکردنی ژینگەی شارەکەمان، جگە لە سزادان، ( 28 ) خاوەن پاڵاوەگە دەستگیرکراون و ئێستا لە زیندان، ئەوانەش ئەوانە بوونە کە دواى داخستنى پاڵاوگەکانیان جارێکى تر دەستیان بەکارەکانیان کردۆتەوە.

سەبارەت بە مۆلیدە ئەهلیەکانیش پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: " موەلیدە ئەهلیەکانیش کەبەشێکى دیکەن لە هۆکارى پیسبوونى ژینگەى شار، ڕۆژانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان بۆ دەکرێت، لەو ماوەیەشدا ( 145 ) خاوەن مولیدە ئاگادار کراونەتەوە و بەڵێنامەیان لێوەرگیراوە گرفتەکانى مولیدەکانیان چارەسەرکراوە و ( 9 ) خاوەن مولیدەش سزایی پێبژاردن دراون، ( 7 ) خاوەن مولیدەش دواى ئاگادارکردنەوە و هۆشدارى پێدان کە پابەند نەبوونە دەستگیرکراون، هەموو موەلیدەکانیش دەبێت کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن لە دەنگ و پیسکردنی ژینگە.

گوتیشى حاڵەتێکى تر کە تایە سووتاندن بووە لە دەور و بەرى هەولێر، ( 5 ) کەسیش لەوان دەستگیرکراوە و بەڵێنامەیان لێ وەرگیراوە و ئازادکراون، ئەگەر کارەکە دووبارە بکەنەوە، ئیجرائاتەکان لە بەرامبەریان تووندتر دەبێت، سەبارەت بە وێستگەى هەڵمى خەباتیش، ڕایگەیاند، داوامان لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لەو وێستگەیەدا مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکرێت، لەو نزیکانە ئەویش چارەسەر دەکرێت.

لە بارەى هەڵمەتى ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانه‌شی كه‌ دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن و زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن، ئاماژەى بەوەدا هەڵمەتەکە بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا، دەست بەسەر ( 140 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر ) و ( 151 پیکاب ) و ( 50 ) ئۆتومبێلى تایبەت و بچوکیش داگیراوە و ڕێکارى یاسایی بەرامبەر خاوەنکانیان گیراوەتەبەر.

گوتیشى، هەموو ڕێکارێک بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر کە ژینگە پیس دەکەن، لە داخستن و دەستگیر کردن، هەر شوێنێکیش ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لەگەڵ ناکرێت.

ڕاشیگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ ئەو ئیجرائاتانەى کردوومانە، لە پێناو پاراستنى ژینگە و بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە سەنتەری شاری هەولێر، لەرێگەى 3 نەمامگەى تایبەت بە ئەندازەى پارک و باخچەکان لەساڵى 2024 ڕابردوودا ( 131 هەزار 270 دارى جۆراو جۆر ) و ( 65 هەزار و 814 گوڵى جۆراو جۆر ) چاندراون، ئەوە جگە لەوەى لە ئێستادا ( 6 ) پڕۆژەى گەورەى دیکەى لەسەر ( 500 هەزار مەتر دووجا ) کە دەکاتە ( 200 دونم زەوى ) کارى تێدا دەکرێت لە دروستکردنى پارک و سەوزایی بەردەوامە، کە ( 53 هەزار دارى ) تێدا دەچێنرێت، بە تەوابوونیان دەگەینە قۆناغێکى دیکەى پارێزگاریکردن لە ژینگە، ئەوە بێجگە لە دروستکردن و تەواوبوونى ژمارەیەکى زۆرى پۆند و بەنداواکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر.

سەبارەت بە شلتەرى سەگى بێلانە و کەمکردنەوەیان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، کە جگە لە وەى لە ڕووى تەندروستیەوە هۆکارێک بوون بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان، دیاردەیەکى ناشارستانی بووە و بڵاو بوونەوەیان ببوە هۆى مەترسى بۆ سەرگیانى هاووڵاتییان، گوتى، لەکۆتایی ساڵى 2021 بیرمان لە کردنەوەى شلتەرێکى تایبەت بە کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کردەوە، کە ئەوەش بۆ خۆى پڕۆسەیەکى ئاسان نەبوو، ئەوە بوو لە سەر ڕووبەرى زیاتر لە (20) دۆنم زەوی لە دەرەوەى شارى هەولێر، شێڵتەرێکى سەردەمیانەمان بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروستکرد، دەست بە پڕۆسەى کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کرا، لە ماوەى ڕابردوودا تا ئەمڕۆ ( 14 هەزار و 334 ) سەگى بێلانە لەو شێڵتەرە کۆکراوەتە، ئەوەش واتاى ئەوەى ( 14 هەزار و 334 ) کێشە لە ناو ئاوەدانى شار نەماوە و دورخراوەتەوە، ڕاشیگەیاند: رۆژنامەنووسان ئازادن و دەتوانن بچنە ناو شێڵتەرەکە، یاخود بچن لەگەڵ تیمەکان بن لەوکاتەى کە دەست بە پڕۆسەى گرتنیان دەکەن تاکو شوێنی مانەوە و خواردنی سەگەکەکان بە چاووى خۆیان ببینن کە بە چ زەحمەتیەکەوە ئەو کارە دەکرێت و بۆ ڕای گشتى بیگوازنەوە.

لە کۆتایشدا، گوتیى، ژینگەى هەولێر لەسەرووى هەموو شتێکە بەهیچ جۆرێک دەستبەردارى نابین، بەهێز و پشتیوانیەوە لەلایەن جەنابى سەرۆکوەزیران پشتیوانیمان لێ دەکرێت، لاى ئێمەش باوەڕە و پارێزگاریکردن لە ژینگە بەهیچ جۆرێک سازشى لەسەر ناکرێت.