لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، نەخۆشخانەی ڕزگاری بە شێوازێکی هاوچەرخ نۆژەن دەکرێتەوە
لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، نەخۆشخانەی ڕزگاری بە شێوازێکی هاوچەرخ نۆژەن دەکرێتەوە
لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گشتی تەندروستی، ئەمڕۆ سێشەممە 2026.7.7، شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی جەنابی سەرۆکی حکومەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی نەخۆشخانەی ڕزگاریان لە شاری هەولێر كرد و لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە و دەستەی كارگێڕی و پزیشك و كارمەندانیانەوە پێشوازی لێكرا.
ئەم سەردانە بە مەبەستی لەنزیكە ئاگاداربوون بوو بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەرفراوانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەكە، کە لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروستی گونجاوتر و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ هاووڵاتییان جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخانی نەخۆشخانەکە، لەوانەش هۆڵەکانی نەخۆش، بەشەکانی فریاکەوتن، و ژوورەکانی نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت، هاوشان لەگەڵ دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێری پزیشکی پێشکەوتوو و باشترکردنی سیستەمەکانی ساردکەرەوە، گەمرکەرەوە و ڕووناکی بۆ دابینکردنی ئارامی زیاتر بۆ نەخۆش و کارمەندانی پزیشکی.
ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگی و بایەخێکی یەکجار زۆری بە کەرتی تەندروستی گشتیی داوە و حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ، نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی ناوەندە پزیشکییەکان، و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی شایستە، هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم هاووڵاتییان.
دوای بەسەركردنەوەی ئەو بەشانەی نەخۆشخانەكە، كە نۆژەنكراوەتەوە، دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کرا بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی بە باشترین شێوە، کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی کواڵیتی خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو کە شایستە بێت بە هاوڵاتیان.
جێگەی باسە، نەخۆشخانەی ڕزگاری وەک یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین نەخۆشخانە فێرکارییەکانی هەولێری پایتەخت و ڕۆژانە پێشوازی لە سەدان نەخۆش دەکات، و ئەم پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەیەش دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورەی کوالیتی لە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی شارەكە و ژینگەیەکی شایستەتر و باشتر بۆ پزیشکان و هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات.