کارکردن لە پرۆژەی دووسایدی هەولێر-کۆیە بەردەوامە
کارکردن لە پرۆژەی دووسایدی هەولێر-کۆیە بەردەوامە
بە بڕیاری سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، بە گوژمەی زیاتر لە ( 560 ملیار دینار) کارکردن لە پرۆژەی دوو سایدی رێگەی هەولێر – کۆیە بەردەوامە و ڕۆژانە زیاتر لە 100 ئامێری شۆفڵ و گرێدەر و قەڵابە و جۆرەها ئامێری دیكە و ستافی ئەندازیار و ڕووپێو كار، هەشت بۆ 10 سەعات كار لە پڕۆژەكە دەكەن، ئەگەر كەشوهەوا لەبار بێت، كاری زیاتر لە پڕۆژەكە ئەنجام دەدرێت و تاکو ئێستا هیچ ئاستەنگێك دروست نەبووە، هەرچەندە ڕێگاكە پڕكردنەوەی زۆری پێویستە، بەڵام زۆر بە جوانی كاری پەستانەوەی بۆ دەكرێت.
لە قۆناغەكانی ڕابردووشدا لەلایەن چەند كۆمپانیای ناوخۆیی و توركی و كۆمپانیایەكی ڕۆمانی كار لە پڕۆژەكە كرابوو، پڕۆژەكە لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانرا بەردەوام بێت و لە قۆناغەكانی پێشووتردا قۆناغ بە قۆناغ كار لە پڕۆژەكە كرابوو، بۆ نموونە، لە قۆناغی یەكەمدا نزیكەی 49%ی جێبەجێ كراوە و لە قۆناغی دووەمدا 20%ی جێبەجێ كراوە و لە قۆناغی سێیەمدا 15% و لە قۆناغی چوارەمدا 13% و لەبەر قەیرانی دارایی پڕۆژەكە ساڵی 2014 راگیرا.
دوابەدوای بڕیارە گرنگەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووبارە و سەرلەنوێ بە شێوازێكی نوێ پڕۆژەكە دەستی بەكار كردەوە و ڕێگاكە دەبێ ببەسترێتەوە بە ڕێگای سلێمانی و ببێتە پێنج قۆناغ، كە نزیكەی 37 كیلۆمەترە.
رێگاكە 32 مەتر پان دەبێت و پردێكی بە درێژیی 250 مەتر لەسەری دروست دەكرێت، هەروەها پێنج ئۆڤەرپاسیشی تێدا دەبێت.
ئەو رێگایە هاتوچۆی خەڵك بەنزیكەی 20 بۆ 25 خولەك كورت دەكاتەوە و كاتێكیش ڕێگەی هەولێر- كۆیە تەواو دەبێت، لە خاڵی كەسنەزانەوە دێتە ناو سەنتەری شاری هەولێرەوە، ئەگەر هەر ڕێبوارێك بیەوێت بەرەو پارێزگای دهۆك بڕوات، دەتوانێت ڕاستەوخۆ شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و 100 مەتری بەكار بهێنێت و بەرەو ئەو پارێزگایە بڕوات.