شاندی ئیمراڵی لە هەولێر: "چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت"
شاندی ئیمراڵی لە هەولێر:
"چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت".
ئەمرۆ دووشەممە 2025.2.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى کرد لە شاندى ئیمراڵى، کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
لە دیدارەکەدا، شاندى میوان، سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد کە ماوەى دوو ڕۆژە لە هەولێر لە پیشوازیاندایە، هەروەها جەختى لە سەر گرنگى کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆک بارزانى و سەرۆکى هەرێمى کوردستان کردەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا هاوبەشدا، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بە دیدار و کۆبوونەوەکانى شاندى ناوبراودا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەبووە و پشتیوانی لێ دەکات، ئومێد دەکەین هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەدوای گەڕانەوەی شاندەکە، باشتر بن."
پاشان، کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) بە ناوی شاندەکەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند "دوو رۆژە لە هەولێرین لە هەرێمی کوردستان. دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەبوو، کە یەک کاژێر و 45 خولەکی خایاند، سڵاو و خۆشەویستیی رێزدار ئۆجەلانمان بە سەرۆک بارزانی گەیاند لەگەڵ پەیامەکەی بۆ ئاشتی و پرۆسەی چارەسەری، کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زۆر باش بوون و کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەبێت."
ئاشکراشى کرد لە هەردوو کۆبوونەوەدا "باسی پاشەڕۆژی کوردانمان کرد، کە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری چۆن پێشدەکەوێت و رۆڵ و هەڵوێستی هەموو ئاکتۆر و حیزبەکانی کوردان بۆ پرۆسەکە چۆن دەبێت."
گوتیشی "بەڕێز ئۆجەلان بیرکردنەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی زۆر لەلا بەبەهایە."
باسی لەوەش کرد "گەلی کورد هیوادارە لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕابگەیەنرێت. بە دڵنیاییەوە چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت."
ڕاشیگەیاند: "پرسی کورد، بووەتە پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ لەسەر چارەکردنی پرسەکە دەکەن، بەڵام هەڵوێست و ڕۆڵی بەرپرسانی کورد، لە هەموو ئەوانەی دیکە کاریگەریی زیاترە."