لە هەولێر.. پەردە لەسەر پەیکەری یاریزانى نێودەوڵەتى دیاری کوردستان و هەولێر کۆچکردوو ( نوح عەلى حسێن ) لادرا
لە هەولێر..
پەردە لەسەر پەیکەری یاریزانى نێودەوڵەتى دیاری کوردستان و هەولێر کۆچکردوو ( نوح عەلى حسێن ) لادرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.2.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان صلاح الدين، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى گشتیى وەرزش، لە بەرێوەبەرایەتى گشتیى وەرزش، پەردەیان لەسەر پەیکەری یاریزانى نێودەوڵەتى و دیارى کوردستان و عێراق و هەولێر کۆچکردوو ( نوح عەلى حسێن ) لادا.
لە مەراسیمەکەدا، کە هەریەک لە عەمید خەسرۆ غازى، بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و ناز جەلال، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا و ژمارەیەکى تر لە وەرزشوان و وەرزش دۆستان و هاوڕێیان و کەس و کار و خانەوادەکەی ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر، ستایشی خزمەتکردنی ئەو یاریزانە بەتوانایەى بوارى شەترەنجى شارى هەولێرى کرد و ڕۆڵى مێژووى خوالێخۆشبووى وەک یاریزانێکى دێرین و ناوێکى دیارى شارەکەمان و کوردستان و عێراق لە پێشخستن و پەرەپێدانى شەترەنج بەرزنرخاند.
جێگەی باسە، کۆچکردوو ( نوح عەلى حسێن ) یاریزانى نێودەوڵەتى و دیارى کوردستان و هەولێر و پاڵەوانى عێراق، لە ماوەى تەمەنى خۆیدا چەندین دەستکەوتى گەورەى وەرزشى لە بوارى شەترەنج لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتیی و عەرەبیەکان بەدەستهێناوە و نازناوى پاڵەوانى عێراقى پێبەخشراوە.