پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە کونسڵى ژاپۆن دەکات، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی
پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە کونسڵى ژاپۆن دەکات، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی
ئهمڕۆ چوارشەممە 2025.2.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەولێر کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، کە ناز جەلال، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا ئامادەى بوو، پارێزگارى هەولێر، سوپاسی کونسڵى ژاپۆنى کرد بۆ کارکردن و هەوڵەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەى و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری داهاتوویدا بۆ خواست.
هەروەها سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ حکومەت و گەلى ژاپۆن دووپات کردەوە کە هەمیشە لە چوارچێوەى هاوکارى و یارمەتییەکانیان، یارمەتیى هەرێمى کوردستانیان داوە و ساڵانێکى درێژە ئاژانس و ڕێخکراوە حكومی و ناحکومییەکانى ژاپۆن لە هەولێرى پایتەخت کاردەکەن، بە ئەنجامدانى کار و پرۆژەى خزمەتگوزاریى، بەتایبەتى ئاژانسى چایکا، لە هەمووارکردنەوەى ماستەر پلان و پڕۆژەى ڕیسایکلینى ئاوى ئاوەڕۆکانى هەولێر.
لەلایەن خۆیەوە کونسڵى ژاپۆن لە هەولێر، وێڕاى ستایشکردنى دۆخى ئارام و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، هەروەها سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ هەموو ئهو ئاسانکاریی و هاریکاریانەى پێشکەش بە کونسڵخانە و ئاژانس و ڕێکخراوە حكومی و ناحکومییەکانى وڵاتەکەى کردووە و دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى لە هاوکاریکردن و یارمەتیدانى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت.