لە هەولێر.. کەمپینی هۆشیاری شێرپەنجەی دەم و شەویلاگ ڕاگەیندرا

لە هەولێر.. کەمپینی هۆشیاری شێرپەنجەی دەم و شەویلاگ ڕاگەیندرا

لە هەولێر..
کەمپینی هۆشیاری شێرپەنجەی دەم و شەویلاگ ڕاگەیندرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.7، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کەمپینێکی هۆشیاری شێرپەنجەی دەم و شەویلاگ ڕاگەیاندرا.

لە مەراسیمەکەدا، كە لەلایەن زانکۆی هەولێری پزیشکی بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی نانەکەلی ڕێكخرابوو و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان و ژمارەیەک لە پزیشک و پسپۆڕان بەشداربوون، تیشک خرایە سەر گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەناو کۆمەڵگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشەکە و سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەرکردن.

لەپەراوێزی مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە ڕێکخەران و زانکۆی هەولێری پزیشکی و نەخۆشخانەی نانەکەلی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم کەمپینە، وێڕای دەستخۆشی، بە گرنگییەوە باسی لەم هەنگاوە کرد و ئاماژەی بەوەدا ئەمجۆرە چالاکییە تەندروستییانە هەنگاوێکی زۆر گرنگن بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، چونکە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشی، کلیلی سەرەکیی ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییانە.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە پارێزگای هەولێر بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری ئەو پڕۆژە زانستی و مرۆییانە دەبێت کە خزمەت بە کەرتی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری پزیشکی لە سنووری پارێزگاکە دەگەیەنن، بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دوور لە نەخۆشی.