بەرنامەی پەروەردەیی تۆپی پێی بنکەی ڕیاڵ مەدرید بە فەرمی لە هەولێر کرایەوە

بەرنامەی پەروەردەیی تۆپی پێی بنکەی ڕیاڵ مەدرید بە فەرمی لە هەولێر کرایەوە

ڕۆژی هەینی، رێکەوتی 8.5.2026 بەرنامەی پەروەردەیی تۆپی پێی بنکەی ڕیاڵ مەدرید بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیپڵۆمات و کونسڵەکانی ژمارەیەک وڵات، بەرپرسانی باڵا و کۆمەڵێک میوانی دیاری بوارە وەرزشییەکان، بە فەرمی لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.
ئەم بەرنامەیە لەژێر چاودێری بنکەی ڕیاڵ مەدرید جێبەجێ دەکرێت و ئامانجی سەرەکی، بەکارهێنانی وەرزش وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی پەروەردە و بەشداری‌کردنە لە گەشەپێدانی کەسایەتی، کۆمەڵایەتی و وەرزشیی منداڵان و گەنجان.
دەستپێکردنی ئەم بەرنامەیە نیشانەی بەردەوامبوون و گرنگیدانی هەرێمی کوردستانە بە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و پشتگیریکردنی ژێرخانی وەرزشی لە هەرێم، لە ڕێگەی بەرنامە پەروەردەییە نێودەوڵەتییە ناسراوەکانەوە.
بەرنامەی پەروەردەیی تۆپی پێی بنکەی ڕیاڵ مەدرید بۆ کوڕان و کچانی تەمەنەکانی ٦ تا ١٧ ساڵ کراوەیە. راهێنانەکان بەپێی میتۆدی پەروەردەیی بنکەی ڕیاڵ مەدرید بەڕێوەدەچن، کە تۆپی پێ وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزکردنی بەهاکانی وەک ڕێزگرتن، کارکردنی هاوبەش، بەرپرسیارێتی، یەکسانی، ژیانی تەندروست و گەشەکردنی کەسایەتی.
راهێنانەکان لەلایەن ڕاهێنەرانی ناوخۆییەوە پێشکەش دەکرێن کە بەردەوام ڕاهێنانی تەکنیکی و چاودێری پسپۆڕانەیان پێشکەش دەکرێت، بەپێی ستاندارد و بنەما پەروەردەییەکانی بنکەی ڕیاڵ مەدرید.
کردنەوەی ئەم بەرنامەیە لە هەولێر هەنگاوێکی گرنگی تره‌ بۆ فراوانکردنی دەستگەیشتن بە بەرنامە وەرزشییە پەروەردەییە کوالێته‌ باڵاکان بۆ منداڵان و گەنجانی هەرێمی کوردستان، و هەروەها هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەرزش لە پەروەردە و دروستکردنی نەوەیەکی چالاک و بەرپرسیار.