لە هەولێر..... شازدەهەمین پێشەنگای نێودەوڵەتیی بیناسازی كرایەوە
لە هەولێر.....
شازدەهەمین پێشەنگای نێودەوڵەتیی بیناسازی كرایەوە
ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.8.27، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئاراس حەسۆ میرخان، بهرپرسی بەشی وەبەرهێنان، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، سەروەر هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و ژمارەیەكی تر لە پیاوانی كار و بازرگانان، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شازدەهەمین پێشەنگای نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە وەک یەکێک لە گەورەترین کۆبوونەوەکانی کەرتی بیناسازی لە عێراق و ناوچەکەدا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر كرایەوە.
لە پێشەنگاکەدا، جگە لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان، کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران، وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا بەشدارن و تێیدا نوێترین سیستمەکانی کێبڵ، محاویلە، و تەکنەلۆژیای وزەی نوێبووەوە (بەتایبەت وزەی خۆر) و ئامێر و ئۆتۆمبێلی قورسی تایبەت بە ئامێرەکانی هەڵکۆڵین، ڕێگاوبان و کارگەکان و نوێترین دیزاین و کەرەستە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و تەکنیکە مۆدێرنەکانی بونیادنانی باڵەخانەکان نیشاندراوە، کە ئامانج لێی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاترە بۆ کەرتی نیشتەجێبوون و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستاندا.
جێگەی باسە، کەرتی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە یەکێکە لە بڕبڕە پشتییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستکردنی هەلی کار و بووژانەوەی بازاڕدا دەگێڕێت، هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش وەك یەكەمین شار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ناوچەكە لە دوو دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی خێرای تەلارسازیی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کە دەیانەوێت لە بازاڕی هەرێم و عێراقدا کار بکەن، سازدانی ئەم جۆرە پێشەنگایانەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو ئاستەنگە داراییانەی کە زۆرجار ڕووبەڕووی پڕۆژەکان دەبنەوە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران، ژێرخانی وڵات نوێ بکاتەوە و پڕۆژە ستراتیژییەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی بەرەو پێش ببات.