گەورەپرۆژەی تۆڕێكی ئاوی خواردنەوەی 411 كیلۆمەتری بە گوژمەی 25 ملیار دینار لە هەولێر كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

گەورەپرۆژەی تۆڕێكی ئاوی خواردنەوەی 411 كیلۆمەتری بە گوژمەی 25 ملیار دینار لە هەولێر كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

گەورەپرۆژەی تۆڕێكی ئاوی خواردنەوەی 411 كیلۆمەتری بە گوژمەی 25 ملیار دینار لە هەولێر كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەورەپرۆژەیەكی دان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر كەوتە بواری جێبەجێكردن كە درێژییەكەی 411 كلیۆمەترە و دەبێتە تەواوكەری پرۆژەی ئاوی هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.2.20، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕێوڕەسمی بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر دانرا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانییەكانی هەولێر و بەڕێوەبەری كۆمپانیای كەیوەن و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئاوی هەولێر و دەوروبەر و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەران و ئەندازیاران و فەرمانگەكانی خزمەتگوزاری ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لە وتارەكانیاندا پیرۆزباییان لە دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری كرد.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وتارەكەیدا باسی لە گرنگی پرۆژەكە كرد و گوتی: زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەران و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر لەو ڕێوڕەسمەدا بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر دادەنێین كە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024دا ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا هەر ئەوكات فەرمانی كرد لەگەڵ گەیشتنی ئاو بە ناو شاری هەولێردا، پێویستە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناو گەڕەكەكانی هەولێریش ئامادە بێت بۆ ئەوەی بەزوویی ئاوی پرۆژەكە بگاتە ماڵان و ئێستاش بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ناوخۆی ئاو بۆ گەڕەكانی هەولێر بە گوژمەی 25 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردی بناغەكەی دانرا و لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەلایەن كۆمپانیای كەیوەنەوە جێبەجێ دەكرێت.

سەبارەت بە گرنگیش پرۆژەكەش ساسان عەونی، گوتی: ئەو پرۆژەیەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكان، هەموو گەڕەكەكانی سنوورەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تایبەتی دەرەوەی شەقامی 120مەتری و ناوەوەی شەقامەكە لێی سوودمەند دەبن و زیاتر لە 1000 بیری ئاویش دادەخرێن. گوتیشی: ئەو پرۆژەیە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، ژمارەی ئەو ماڵانەی لێی سوودمەند دەبن 248 هەزار ماڵ، واتە هاوبەشی ئاو لەو پرۆژەیەدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن. گوتیشی: پرۆژەكە زۆر گەورەیە و درێژییەكەی 411 كلیۆمەترە، هەڵكەندن و بڕینی شەقامەكان و دانانی تۆڕی ئاو لەخۆی دەگرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: ئەو پرۆژەیە بە یەكێك لە شاكارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری.

دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وتارەكەیدا پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری هەولێر كرد و هاوكات سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە. پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆكە زۆر دڵخۆشین كە هەنگاوێكی دیكە دەچینە پێش لە چارەسەركردنی گرفتێكی لەمێژینەی چەندین ساڵەی شاری هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و لێرەشەوە بەناوی پارێزگای هەولێرەوە سوپاسی جەنابی سەرۆكوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی هەولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر جەختیشی كردەوە كە كاركردن لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر بە باشی بەڕێوە دەچێت، هەروەها لەبارەی گوژمەی ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ، ئومێد خۆشناو گوتیشی: گوژمەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی هەولێر 25 ملیار دینارە و بە درێژایی 411 كیلۆمەتر لەلایەن كۆمپانیای كەیوەنەوە جێبەجێ دەكرێت و بەهۆیەوە 1000 بیر دادەخرێن و هەولێر بەهۆی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو و دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوەوە دەگاتە قۆناغێكی دیكە و دەتوانرێت خزمەتێكی باشتر و چاكتری دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری بكرێت، زۆر دڵخۆشین و دڵنیاین لەوەی لە ماوەی دیاریكراودا ئەو پرۆژەیە تەواو دەبێت و كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەبێت.