لە بەغدا.. بەسەرۆکایەتى سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەبوونى شاندى حکومەتى هەرێم، چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانى ئاو بەڕێوەچوو

لە بەغدا.. بەسەرۆکایەتى سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەبوونى شاندى حکومەتى هەرێم، چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانى ئاو بەڕێوەچوو

لە بەغدا..
بەسەرۆکایەتى سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەبوونى شاندى حکومەتى هەرێم، چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانى ئاو بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.11.13، بە بەشدارى شاندی حکومەتى هەرێمی كوردستان، کە پێکهاتبوو لە ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم و د.کاروان هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى لە وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم، بە سەرۆکایەتى مەحەمەد شەیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانى ئاو بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵیەکان کرا بەپێی ئەو پشکانەی ئاو کە بۆ پارێزگاکان پەسەند کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پڕۆژانەى پارێزگاى هەولێر کە لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو، لە مانگى ئادارى ڕابردوودا لە کاتى سەردانى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێرى پایتەخت پێشکەشى کرابوون خرایە بەرباس و گفتوگۆ، دواى خستنە ڕووى پڕۆژەکان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى و وەرگرتنى ڕاو سەرنجى ئەندامى لیژنەکە کە لە چەند وەزیرێکى پەیوەندیدارى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانیش تێدا ئەندامە پێکهاتووە، بە کۆى دەنگ پڕۆژەکان پەسندکرا و ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى عێراقى فیدراڵ کرا بۆ دەستکردن بە ڕێکارى دیکە، ئومێد دەکرێت لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى پێویست لە لایەن حکومەتى عێراقەوە دابین بکرێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان کە (14 ملیار دینار)ە.

پاشان لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین بابەت و پرسى دیکەى تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی ژینگە و بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و دامەزراندنی سندوقێک بۆ پشتگیریکردنی توێژینەوە و دەستپێشخەرییەکان بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کەمی ئاو و کاریگەرییەکانی لە عێراق بە گشتیى و چەند دۆسییەکى تر گفتوگۆى لەبارەوە کرا و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو بڕیار و ڕاسپاردەى پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.